بانکى زانیارى ... سەرچاوەیەک بۆ شرۆڤە و بڕیارى دروست >>> بنك معلومات ... مصدر للتحليل والقرار الصائب >>> INFORMATION BANK ... SOURCE FOR ANALYZE AND THE RIGHT DESCRIPTION

راگه‌یەنراوی كۆتایی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی ی.ن.ك 17/3/2018

كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان

جه‌ماوه‌رى خۆڕاگرى گه‌له‌كه‌مان

ئه‌ندام و لایه‌نگرو تێكۆشه‌ره‌ نه‌به‌زو دلێره‌كانى (ى.ن.ك)

هاوكات له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی بوژاندنه‌وه‌و به‌رزبوونه‌وه‌ی كڵپه‌و بڵێسه‌ی مه‌شخه‌ڵی نه‌ورۆزی مژده‌به‌خشی ڕۆژێكی نوێ و پێخستنه‌ ناو ساڵێكی تازه‌ و به‌هارێكی نوێ ی تێكۆشانه‌وه‌ , ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی 17/3/2018 , ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ سه‌رپه‌رشتی هه‌ڤاڵ كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌لی جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی و به‌ئاماده‌بوونی زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی وه‌رزێكی نوێ ی له‌ ئه‌نجامدانی زنجیره‌ كۆبوونه‌وه‌ فه‌رمیه‌كانی به‌مه‌به‌ستی ته‌واوكاری بۆ بریاروڕاسپارده‌كانی پێشووی خۆی و هه‌نگاونان به‌ئاراسته‌ی تێپه‌ڕاندنی گرفت و ئاسته‌نگه‌كانی سه‌ر ڕێگای هه‌ڵسانه‌وه‌و گه‌شه‌كردن و بوژاندنه‌وه‌ی ژیانی ڕێكخراوه‌ییمان و ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌ مێژوویه‌كانی سه‌رشانی له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌ی گه‌له‌كه‌مان كه‌ سه‌رجه‌م دۆسته‌كانی كورد و یه‌كێتیش چاوی ئومێدیان له‌سه‌ریه‌تی ده‌ستپێكرد .

كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ ساتێك وه‌ستان بۆ گیانی پاكی سه‌رجه‌م شه‌هیدانی ڕێگای ڕزگاری كوردوكوردستان و قوربانیانی كاره‌ساتی كیمیا بارانی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید ده‌ستی پێكرد , كه‌ چه‌ندین ته‌وه‌ر و بابه‌تی ستراتیژی و گرنگی له‌خۆگرتبوو , سه‌ره‌تا كۆبوونه‌وه‌ له‌سه‌ر یاده‌كانی ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی به‌هاری 1991 ی گه‌له‌كه‌مان هه‌ڵوێسته‌ی كرد وستایشی ڕۆڵی جوامێرانه‌ی دانیشتوانی شاروشارۆچكه‌كانی كوردستانی كرد بۆ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌و مه‌فره‌زه‌ نهیًنیه‌كانی له‌ به‌ئه‌نجامگه‌یاندنو سه‌رخستنی به‌رنامه‌ی ڕاپه‌ڕینی سه‌رتاسه‌ری كه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌وه‌ داڕێژراو پاشان به‌ هه‌ماهه‌نگی سه‌ركردایه‌تی سیاسی به‌ره‌ی كوردستانی و هێزه‌ كوردستانیه‌كانی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ جێبه‌جێكرا , هه‌روه‌هاجه‌ختیشی له‌سه‌ر زیندوو ڕاگرتنى گیانی ڕاپه‌ڕینی له‌ ناخی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان و كادروئه‌ندامانی یه‌كێتی و هێزی پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان و دڵسۆزانی میلله‌ته‌كه‌مان وكاركردن بۆ ئامانجه‌ به‌دینه‌هاتووه‌كانی كرده‌وه‌ و ئه‌وه‌ی سه‌لماند كه‌ هێشتا ئامانجگه‌لێكی زۆرمان ماوه‌ كه‌ ئه‌ركی به‌دیهێنانیان كه‌وتۆته‌ ئه‌ستۆی نه‌وه‌كانی ئێستای پاش ڕاپه‌ڕین , كه‌ هه‌موویان ئه‌ركی گه‌وره‌و هه‌ستیاری قۆناغی ته‌واوكاری به‌دیهێنانی كۆمه‌ڵگایه‌كی دیموكراسى و مۆدێرنی سه‌رده‌میانه‌و سیكولارن , كه‌ له‌ سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی نوێ ی گه‌له‌كه‌مانه‌وه‌ چ وه‌ك دروشم و چ به‌ كرداركار بۆ به‌دیهێنانیان ده‌كه‌ین و قوربانیمان له‌پێناودا به‌خشیون .پاشان كۆبونه‌وه‌ سه‌رله‌نوێ كاره‌ساتی كیمیای بارانی هه‌ڵەبجە‌ و شه‌هیدكردنی به‌كۆمه‌ڵی خه‌ڵكی بێدیفاعی مه‌ده‌نی ئه‌و شاره‌ خۆڕاگره‌ی ئیدانه‌و مه‌حكوم كرده‌وه‌ ڕێزی له‌ قوربانیه‌كانی نایه‌وه‌و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی فیدراڵی عێراق وه‌ك ئه‌ركی ئه‌خلاقی و یاسایی خۆی قه‌ره‌بووی ته‌واوی خه‌ڵكه‌كه‌ی بكاته‌وه‌ و كاری جدی و به‌په‌له‌ بۆ چاره‌سه‌ری برینداره‌كانی بكات . سه‌باره‌ت به‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانیش كه‌ به‌هۆی ڕوداوه‌كانی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ڕابوردووه‌وه‌ له‌لایه‌ن سوپای عێراق و هێزه‌ چه‌كداره‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌شكركێشیان كرایه‌سه‌ر و بووبه‌هۆی پاشه‌كشه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌و ناوچه‌ كوردستانیانه‌و كه‌وتنه‌وه‌ی گرژی و ئاڵۆزی و تێكچونی ڕه‌وشی ئاسایی تیایاندا , كۆبوونه‌وه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ ته‌واوی ئاواره‌كان بگه‌ڕێنرێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵوحاڵی خۆیان و قه‌ره‌بووی زه‌ره‌روزیانه‌كانیشیان بۆ بكرێته‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ی یاسایش له‌و كارو كرده‌وه‌ نابه‌جێیانه‌ بكرێت كه‌ ده‌رهه‌قیان ئه‌نجام دراوه‌ .هه‌روه‌ك چۆن پێویسته‌ كه‌ به‌پێی ماده‌ی سه‌دوچلی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراقی هه‌تا یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی چاره‌نوسیان به‌پێ ی ئه‌و ماده‌ ده‌ستوریه‌ , ئه‌ركی به‌ڕێوه‌بردنی ته‌واوی ئه‌و ناوچانه‌ ش به‌ هاوبه‌شی ده‌بێت له‌لایه‌ن هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك بارى سه‌پێندراو قبوڵ ناكرێت.

سه‌باره‌ت به‌ ئاڵۆزیه‌كانی ڕۆژئاواش ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی ( ی ن ك ) به‌ دڵگرانیه‌وه‌ له‌ هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا بۆ سه‌ر شاری عه‌فرین و ده‌وروبه‌ری ده‌ڕوانێت و هاوسۆزی خۆی بۆ خه‌ڵكی سڤیل و بێدیفاعی شاره‌كه‌ ده‌ربڕی و خوازیاره‌ كه‌ ده‌وڵه‌تی توركیا هه‌رچی زووتره‌ هێرش و په‌لاماردانه‌كانی بۆسه‌ر ناوچه‌كه‌ بوه‌ستێنێت و كار به‌ بڕیاری ژماره‌ ( 2401 ) ی ئه‌م دواییه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی بكات , كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ جێبه‌جێكردنی ئاگربڕ له‌ ته‌واوی خاكی سوریادا .

سه‌باره‌ت به‌م قۆناغه‌ هه‌ستیار و چاره‌نوسسازه‌ی كه‌ یه‌كێتی و گه‌له‌كه‌مانیشی پێدا تێپه‌ڕده‌بێت كۆبوونه‌وه‌ موكوڕبوونی خۆی له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌ ناوخۆییه‌كانی خۆی و گرنگی تێپه‌ڕاندنی جیاوازیه‌كان كرده‌وه‌و گه‌یشته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه‌ پێویسته‌ هه‌مووان به‌ گیانێكى هه‌ڤاڵانه‌وه‌ له‌ خزمه‌ت به‌ هێزكردنه‌وه‌ى باسى یه‌كێتیدابین و به‌ تێڕوانینێكى ووردو دووربینانه‌ تواناكانمان چڕ بكه‌ینه‌وه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ ستراتیژیه‌كانى په‌یوه‌ست به‌ دۆزى ڕه‌واى گه‌له‌كه‌مان و داهاتووى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان.

هه‌ربۆیه‌ دوابه‌دواى زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ى به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ كادیرو فه‌رمانده‌و سه‌ركرده‌و كه‌سایه‌تیه‌ دلسۆزه‌كانى گه‌له‌كه‌مان و تاوتوێكردنى پێشنیاره‌كان و نه‌خشه‌ ڕێگاكانى چاكسازى له‌ناو (ى.ن.ك) و سیسته‌مى حوكمرانى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رله‌نوێ ڕێكخستنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیه‌كانى یه‌كێتى له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌رى گه‌له‌كه‌مان و لایه‌نگرانى یه‌كێتى و حزبه‌ كوردستانی و عێراقیه‌كاندا، هاوئاهه‌نگ داڕشتنه‌وه‌ى سیاسه‌ته‌كان و ڕێكخستنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیه‌كانى یه‌كێتى له‌گه‌ڵ ناوه‌ندى ده‌سه‌ڵات له‌ عێراق و حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌ دۆست و هاوپه‌یمانه‌كانمان و هه‌روه‌ها ده‌وله‌تانى دراوسێش كرایه‌ كرۆك و ناوه‌رۆك ته‌وه‌ره‌ سه‌ره‌كه‌كنى كۆبوونه‌وه‌ى سركردایه‌تى.

سه‌ره‌تا به‌ شێوه‌یه‌كى هه‌مه‌ لایه‌نه‌ له‌سه‌ر بارو گوزه‌رانى خه‌ڵكى وبارى ناهه‌موارى ئابووریان له‌ لێكۆلینه‌وه‌یه‌كى ووردو هه‌مه‌ لایه‌نه‌دا له‌سه‌ر هۆكاره‌كانى خراپ كردنى ژیان و گوزه‌رانى جه‌ماوه‌رى خه‌ڵكى كوردستان به‌ گشتى و به‌تایبه‌ت مووچه‌ خۆران و چینه‌كانى خواره‌وه‌ى كۆمه‌ڵ تاوتوێكرد تا بتوانرێت به‌ پێى به‌رنامه‌یه‌كى چاك سازى ووردو ژیرانه‌ له‌و مه‌سه‌له‌ گرنگه‌ بكۆلێته‌وه‌و ڕێگه‌ چاره‌ى گونجاوى بۆ بدۆزێته‌وه‌ له‌ ڕووى ڕێكخستنه‌وه‌ى داهاته‌كانى هه‌رێمى كوردستان و چۆنیه‌تى به‌ڕێوه‌بردنى به‌شێوازێكى شه‌فاف و عادیلانه‌ كارى له‌سه‌ر بكات.

سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌و ڕاستیه‌ى كه‌ بووژانه‌وه‌ى یه‌كێتى و ڕێكخستنه‌وه‌ى ئۆرگانه‌كانى و شێوه‌ى كارو میكانیزمى تۆكمه‌ كردن و خوردكردنه‌وه‌ى په‌یكه‌رى ڕێكخراوه‌یى و سیاسى (ى.ن.ك) به‌ بێ یه‌كریزى و ناوه‌ندێكى به‌ركارو به‌تواناى به‌ڕێوه‌بردن و بڕیاردان له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێبازى كوردایه‌تى و پره‌نسیپ و ئه‌و سه‌ره‌تایانه‌ى كه‌یه‌كێتى وه‌ك حزبى شه‌هیدان و هه‌ڵقوڵاوى ناو ئازاره‌كانى گه‌له‌كه‌ى پێ ناسراوه‌، و به‌ بێ بوونى ئیراده‌یه‌كى یه‌كگرتووى پۆلایین نه‌ یه‌كێتى ئه‌بێته‌وه‌ به‌ هێزه‌ به‌ركاره‌ ووشیاره‌كه‌ى جاران و نه‌ ئه‌شتوانێ له‌ هاوكێشه‌ سیاسیه‌كانى كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌دا رۆله‌ شایسته‌و كاریگه‌ره‌كه‌ى خۆى به‌ باشتر له‌ جاران بنوێنێ، نه‌ له‌ تواناشیدا ده‌بێت ماف و ڕێزى جه‌ماوه‌رو كه‌س و كارى شه‌هیدان و تێكۆشه‌رو لایه‌نگره‌كانى و هه‌روه‌ها ناوو ناوبانگ و شكۆى سیاسى و ڕێكخراوه‌یى خۆى بپارێزێت و بتوانێ هێزێكى كاریگه‌ربێت له‌ چاره‌سه‌ركردنى قه‌یرانه‌ سیاسى و ئابووریه‌كانى كه‌ ئێستا به‌رۆكى به‌ گه‌له‌كه‌مان گرتووه‌.

پوخته‌ى بڕیاره‌كانى ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ بریتی بوون له‌:

1. پشت به‌ ستوو به‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌سه‌ندكراوى كۆنگره‌ى سێیه‌م بڕیاردرا هه‌ڤاڵ ( جێگرى یه‌كه‌مى سكرتێرى گشتى) هه‌تا به‌ستنى كۆنگره‌ى چواره‌م سه‌رپه‌رشتى سه‌رجه‌م دام و ده‌زگاكانى یه‌كێتى ده‌كات و ته‌واوى ده‌سه‌ڵاته‌كانى سكرتێرى گشتى (ى.ن.ك) به‌كارده‌هێنێت.

2. كۆبوونه‌وه‌ مەكتەبی سیاسی هەڵبژاردەوە.

3. سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تى به‌ستنى كۆنگره‌ى چواره‌م كۆبوونه‌وه‌ پاش تاوتوێكردنى ئاماده‌كاریه‌كانى كۆمسیۆنى باڵاى ئاماده‌كارى بڕیاریدا به‌زیادكردنى ژماره‌ى هه‌ڤاڵانى كۆمسیۆن له‌ سێ هه‌ڤاڵه‌وه‌ بۆ حه‌وت هه‌ڤاڵ پاش ته‌واوبوونى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق كه‌ بڕیاره‌ له‌ 12/5/2018 ئه‌نجام بدرێت به‌ماوه‌یه‌كى دیاریكراو واده‌ى به‌ستنى كۆنگره‌ى 4 ى یه‌كێتى بڕیارى لێبدرێت.

4. هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌ڕله‌مانى عێراق كۆبونه‌وه‌ جه‌ختى له‌سه‌ر به‌گه‌ڕخستنى هه‌موو تواناكان بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى عێراق كرده‌وه‌، له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ بڕیارى پێكهێنانى لێژنه‌ى باڵاى هه‌ڵبژاردنى دا و ئه‌ركى ڕاپه‌ڕاندنى پرۆسه‌ى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆو په‌یام و ڕێنماییه‌كانى یه‌كێتى به‌ ته‌واوى ئۆرگانه‌كانى ڕاده‌گه‌یه‌نێت و سه‌رجه‌میان په‌یوه‌ست ده‌بن پێ یه‌وه‌.هه‌روه‌ها هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا كۆبوونه‌وه‌ جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان ته‌نها یه‌ك لیستى بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ هه‌یه‌ ئه‌ویش لیستى ژماره‌ (162) ه‌.

5. بڕیاردرا تواناكانى هه‌ڤاڵانى مه‌كته‌بى سیاسى به‌سه‌ر دۆسیه‌ گرنگه‌ سیاسى و ڕێكخراوه‌یى و ئیداره‌یه‌كاندا دابه‌ش بكرێت.

6. مه‌سه‌له‌ى داهات و دارایى یه‌كێتى به‌شێوه‌یه‌كى شه‌فاف و گونجاوتر ڕێك بخرێته‌وه‌ به‌ده‌زگایى بكرێت و ده‌زگاى چاودێرى دارایى به‌شێوه‌یه‌كى كاراتر وه‌گه‌ڕ بخرێت به‌هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى به‌رپرسى مه‌كته‌بى دارایى و ئیداره‌ى گشتى و ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ست ده‌بن به‌ هه‌ڤاڵ جێگرى یه‌كه‌مى سكرتێرى گشتیه‌وه‌.

7. به‌شێوه‌یه‌كى نوێ و سه‌رده‌میانه‌  پشت به‌ستوو به‌ڕێبازى كوردایه‌تى و مێژووى پڕسه‌روه‌رى (ى.ن.ك) بنه‌ماكانى نیشتمان په‌روه‌رى و ده‌زگاكانى ڕاگه‌یاندن ( بینراو و بیستراوو چاپكراو ئه‌لیكترۆنى) ڕێك بخرێته‌وه‌و له‌لایه‌ن هه‌ڤالێكى مه‌كته‌بى سیاسیه‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتى كارو چالاكیه‌كانى بكرێت.

8. په‌یوه‌ندیه‌كانى یه‌كێتى به‌ شێوه‌یه‌كى واقع بین و له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌سكه‌وته‌كانى گه‌له‌كه‌مان و مسۆگه‌ركردنى پاراستن و گه‌شه‌ پێدانى هه‌رێمى كوردستان و مافه‌ ڕه‌واكانى گه‌له‌كه‌مان باشتر ڕێك بخاته‌وه‌ و به‌ شێوازو میكانیزمێكى نوێ له‌گه‌ڵ حزب و لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كان به‌ تایبه‌تى و حزبو ڕێكخراوه‌ سیاسیه‌ عێراقیه‌كان به‌ گشتى به‌ شێوه‌یه‌كى كاراتر له‌ جاران ئاڕاسته‌ بكات و رۆلێكى كاریگه‌ر له‌ ڕێكخستنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندیه‌كى ڕه‌واو گونجاو له‌گه‌ڵ حكومه‌تى ناوه‌ندى عێراق (له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستووورى هه‌میشه‌یى عێراق) بۆ زیاتر ده‌سته‌به‌ركردنى مافه‌كانى گه‌له‌كه‌مان ببینێت. هه‌ربه‌و شێوه‌یه‌و به‌و باوه‌ڕه‌ تۆكمه‌یه‌شه‌وه‌ به‌ پره‌نسیپ و سه‌ره‌تاكانى ڕێبازى كوردایه‌تى په‌یوه‌ندیه‌ كوردستانیه‌كانمان ڕێك بخه‌ینه‌وه‌و په‌یوه‌ندیه‌ ده‌ره‌كیه‌كانیشمان له‌گه‌ڵ دراوسێكانمان و ده‌وله‌تان و هێزه‌ دیموكرات و پێشكه‌وتنخوازه‌كاندا بره‌و پێبدات.

9. ئه‌ركه‌كان و كارى رێكخراوه‌یى به‌ پێى بنه‌ما فكرى و سیاسیه‌كانى (ى.ن.ك) به‌ سه‌ركردایه‌تى كردنى به‌ كۆمه‌ڵ وه‌ك حزبى شه‌هیدان و جه‌ماوه‌رى گه‌ل نه‌ك حزبى بنه‌ماڵه‌و هۆز، به‌ شێوه‌یه‌كى داهێنه‌رانه‌ى هاوچه‌رخه‌وه‌ له‌سه‌ر خه‌تى جه‌ماوه‌رى و گرنگیدان به‌ رۆڵ و تواناو مێژووى تێكۆشه‌ره‌كانى دا بڕێژێته‌وه‌و رێكى بخاته‌وه‌.

سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان له‌ سۆنگه‌و هه‌ناوى سه‌ركه‌وتنه‌كانى ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ى گه‌له‌كه‌مانه‌وه‌ له‌ لایه‌ك و خه‌م و ئازاره‌كانى ئه‌و كاره‌ساتانه‌ى كه‌له‌ ڕابردوودا به‌سه‌ر خه‌ڵكى بێ دیفاعى هه‌له‌بجه‌و ته‌واوى خه‌ڵكى كوردستاندا هاتووه‌ لێره‌دا به‌ڕاشكاوى نه‌فره‌ت له‌هه‌له‌كانى ڕابردوو ده‌كات و خۆى به‌ سه‌روه‌ریه‌ مێژوویه‌كانى ڕێبازى شه‌هیدان و كاروانه‌ پڕشكۆ كه‌ى ئه‌به‌ستێته‌وه‌، وه‌له‌سه‌ر هه‌موو هه‌له‌و كه‌م و كوڕیه‌كانیشى داواى لێبوردن له‌ جه‌ماوه‌رى گه‌ل و هه‌ڤاڵه‌ دلسۆزه‌كانى ده‌كات، دڵنیاشیان ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئامانجه‌كانى كوردایه‌تى و مافه‌ ڕه‌واكانى كورد و واقیع بینى سیاسى هه‌میشه‌ رێ نیشانده‌رى بێت و كارى زیاترو باشتر بۆ به‌دیهێنانى ئه‌ركه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كانى (باشتر كردنى ژیان و گوزه‌رانى كۆمه‌لانى خه‌ڵكى كوردستان و هه‌وڵدان بۆ تێپه‌ڕاندنى قه‌یرانه‌ سیاسى و ئابووریه‌كان ) بكات و رۆلێكى كاریگه‌رتر بۆ مسۆگه‌ركردنى داهاتوویه‌كى باشتر بگێرێت.

سه‌ربه‌رزى بۆ شه‌هیدانى ڕێگاى رزگارى كوردو كوردستان

یه‌كریزو ده‌ست له‌ناو ده‌ست بۆ پاراستن و گه‌شه‌ پێدانى (ى.ن.ك) و ڕێبازه‌كه‌ى

یه‌كریزو یه‌كگرتووبێت ئیراده‌ى پۆلایینى گه‌له‌كه‌مان له‌ پێناو پاراستنى ده‌ستكه‌وته‌كان و گه‌شه‌پێدانى ژیان و مافه‌ڕه‌واكانى گه‌له‌كه‌مان.

كۆمیته‌ى سه‌ركردایه‌تى ى.ن.ك

17ى مارتى 2018

وەڵام دانەوە

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>

Scroll To Top