بانکى زانیارى ... سەرچاوەیەک بۆ شرۆڤە و بڕیارى دروست >>> بنك معلومات ... مصدر للتحليل والقرار الصائب >>> INFORMATION BANK ... SOURCE FOR ANALYZE AND THE RIGHT DESCRIPTION

مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ رۆژی شه‌هیدی یه‌كێتی به‌یاننامه‌یه‌ك بڵاو ده‌كاته‌وه‌.

ده‌قی بەیاننامە ……
جەماوەری خۆڕاگری كوردستان!
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان!

چل‌و دوو ساڵ بەر لە ئەمڕۆ ، هێشتا زۆر نەبوو شۆڕشی نوی خەباتی یەكێتی دەستی پێكردبوو، كاتیك شەهیدانی سەركردە (شیهاب شێخ نوری، ئەنوەر زۆراب، جەعفەر عەبدولواحید)، كە لە زیندانی بەعسیە فاشیەكاندا بوون، بێ‌ سڵەمینەوە، چوونە بەردەم پەتی سێدارەو دروشمە مەزنەكەی “كەم ژیان، كەڵ ژیان”یان كردە سەرمەشقی شەهیدبوون‌وبە ئازایەتی‌و جوامێریان وزەو تینیان دایەوە بە شۆڕش‌و فاشیەكانیشیان مایەپووچ كرد. هەر بۆیە ڕۆژی 21/11ی هەموو ساڵێك لە مێژووی گەلەكەماندا وەك ڕۆژی شەهیدانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تۆماركراوە .

یەكێتی وەك هێزی ڕچەشكێن، كە بەرپرسیارێتی گەورەی مێژوویی، نەتەوەیی، نیشتمانیی لە ئەستۆ گرت، وەك هێزێكی شۆرشگیری ڕاپەرێنەری  ئەركە سەختەكان، لە مەیدانەكەدا بووە پشت‌و پەنای گەلەكەمان و مژدەهێنەری گزنگی خۆری سەرفرازی . هەر لەو ڕێگایەشدا بە هەزاران لە ئازاترین رۆڵەكانی لە سەنگەری پێشمەرگایەتی‌و كونجی زیندانەكاندا كردۆتە قوربانی‌و شەهیدبوون، بەجۆرێك  نەڕۆژ و نە شوێن‌و نە سەنگەرو و نە قۆناغێكی كوردایەتی هەیە، كە خوێنی پێشمەرگە‌و تێكۆشەرانی یەكێتی تێدا نەكرابێتە خەڵاتی ئازادی‌و سەرفرازی كوردستان، كە دوایین كاروانیش سەدان فەرماندەو پێشمەرگە بوون، كە لە شەڕی رووبەروبونەوەی تیرۆریستانی داعشدا گیانی خۆیان بەختكرد.

ئێمە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان،  هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری كوردستان، بەبێ‌ جیاوازی بە شەهیدی كوردستانیان دەزانین‌و بە تاجە گوڵینەی وەفا و ئەمەكداریەوە لە ئاست  گلكۆكانیاندا سەری رێزو نەوازش دادەنەوێنین، خۆشمان بە خزمەتكاری خێزان‌و كەسوكارە سەربەرزەكانیان دەبینین.

شەهیدانی گەلی كوردستان  بۆ گەلێك ئامانجی پیرۆز گیانی خۆیان بەختكرد، كە بەشێك لەو ئامانجانە بەدیهاتوون‌و زۆریشی هێشتا ماون‌و پێویستیان بە خەبات ‌و قوربانیانی زیاتر هەیە بۆ بەدیهاتنیان.

لە بیرەوەری رۆژی شەهیدی شۆڕشی نوێی گەلەكەماندا، بە پێویستی دەزانین، كە وەبیر هەموولایەكی بهێنینەوە،  بەتایبەتی كاربەدەستان لە پەرلەمان‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە هەموومان قەرزارباری لەدەستدانی ژیانی هاوڕێ‌و هاوسەنگەرە شەهیدەكانمانین خێزان‌و كەسوكارە سەربەرزەكانیان ئەمانەتی سەرشانی هەموومانن لەدابینكردنی ژیانێكی سەربەرزو شەرفمەندانە بۆیان. بۆیە ئەركی سەرشانمانە، كە درێخی لە خزمەتكردنیان نەكەین.

لەم ڕۆژە پیرۆزەدا دووپاتی دەكەینەوە ئەركەكانمان سەختن. لە ئاستی عێراقدا، سەرەتاكانی قۆناغێكی نوێ‌ سیاسی بەدەركەوتوون، ئومێدی چارەسەركردنی كێشەكان باشترە، یەكریزی‌و تەبایی لایەنە كوردستانیەكان پێگەی كوردستان لە بەغدا بەهێز دەكات‌و هەوڵەكانیش بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك‌و خانەقین‌و ناوچە كوردستانیە دابرێنراوەكان بەگۆڕتر دەكات.

لە ئاستی كوردستانیشدا، كە هەنگاوەكان بۆ رێكەوتنی لایەنەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم دەستی پێكردووە، باشترین وەفاداری بۆ شەهیدەكانمان، چارەسەركردنی كێشەكان‌و بنەبڕكردنی گەندەڵی‌و چەسپاندنی دادپەروەری كۆمەڵایەتی‌و سەروەری یاسا‌و بەدامەزراوەیی كردنی حوكمڕانی‌و باشتركردنی گوزەرانی هاوڵاتیانە.

لە ئاستی یەكێتی –یشدا، وەفاداری بۆ شەهیدان، درێژەدان بە خەباتەكەیان‌و پابەندبوونە بە رێبازی سەرۆك مام جەلال، پاراستنی “یەكێتی ناو یەكێتی” و نوێیكردنەوەی ژیانی ڕێكخراوەیی‌و سازادنەوەی ئۆرگانەكان بۆ ڕاپەراندنی ئەركە نیشتمانی‌و دیموكراسیەكان.

لەم ڕۆژەدا، پەیمان بە شەهیدەكانمان، كە گەورەترین‌و پیرۆزترین سەرماییەی مەعنەوی یەكێتی‌و گەلەكەمانن نوێ‌ دەكەینەوە، كە درێژەپێدەری ڕێگاو رێبازەكەیان بین، كێڵی هەموو شەهیدەكان دوورنمای خەباتمانن، لە ئاستیاندا سەردادەنەوێنین.

–    سڵاو لە رۆحی بەرزەفڕی سەرۆك مام جەلال ڕابەری شۆڕشی نوێ‌‌و كوردایەتیمان.

–    سڵاو لە شەهیدانی یەكێتی‌و هەموو شەهیدانی كوردو كوردستان.

–    سڵاو لە پێشمەرگە كۆڵنەدەرەكان، تێكۆشەرانی یەكێتی.

–    سڵاو لە كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان.
مەكتەبی سیاسی

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

 

وەڵام دانەوە

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>

Scroll To Top