بانکى زانیارى ... سەرچاوەیەک بۆ شرۆڤە و بڕیارى دروست >>> بنك معلومات ... مصدر للتحليل والقرار الصائب >>> INFORMATION BANK ... SOURCE FOR ANALYZE AND THE RIGHT DESCRIPTION

یه‌كێتی كارنامه‌یه‌ك بۆ به‌شداریكردن له‌حكومه‌ت گه‌ڵاڵه‌ ده‌كات

 پێشنیوه‌ڕۆی  ( 1/12/2018)، به‌سه‌رپه‌رشتی كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری سكرتێری گشتی، به‌ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان بۆ رێزلێنان له‌ شه‌هیدانی كوردستان، كۆبونه‌وه‌ی ئاسایی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ شاری سلێمانی ده‌ستیپێكرد.

كۆبونه‌وه‌كه‌، له‌ بارودۆخێكی هه‌ستیاردا به‌رێوه‌چوو، كه‌ كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ پێدا تێپه‌ڕده‌بێت. له‌ژێر رۆشنایی گۆڕانكاریی و هاوكێشه‌ سیاسیه‌ نوێیه‌كان، ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی به‌ وردی گفتوگۆی له‌ سه‌ر چوار ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كرد، كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ ( عیراق،   كوردستان، كه‌ركوك، كاروباری ناوخۆی حزب).

سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی: یه‌كڕیزی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان له‌ به‌غدا
سه‌باره‌ت به‌ ته‌وه‌ری پرۆسه‌ی سیاسی و حوكمڕانی له‌ عێراقدا، سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، قۆناغێكی نوێ له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و حوكمڕانی له‌ عێراقدا هاتوته‌ ئاراوه‌، كه‌ ده‌رفه‌تێكی له‌باری ڕه‌خساندووه‌، گفتوگۆی به‌رپرسیارانه‌ له‌نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند ده‌ستپێی بكرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و به‌دیهێنانی مافه‌ ده‌ستوری و دیموكراسیه‌كانی گه‌لی كوردستان به‌پێی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراق. بێگومان یه‌كریزی و یه‌كگووتاریی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان له‌ به‌غدا پێویستیه‌كی گرنگی قۆناغه‌كه‌ و سه‌ركه‌وتنی گفتوگۆكانیش ده‌بێت.
یه‌كێتی، كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی له‌ مێژینه‌ی له‌گه‌ڵ هێزو لایه‌نه‌كانی عێراقدا هه‌یه‌، ئه‌زموون و پێگه‌ی پارێزراوی له‌ به‌غدا هه‌یه‌، له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌زمون و سیاسه‌تی سه‌رۆك مام جه‌لال، هه‌وڵه‌كانی درێژه‌ پێی ده‌دات، بۆ ره‌خساندنی زه‌مینه‌ی كاركردنی پێكه‌وه‌یی فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كان  و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند.

یه‌كێتی پێداگری له‌وه‌رگرتنی پشكی خۆی له‌ حكومه‌تی عیراق ده‌كات
ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پشتیوانی خۆی بۆ هه‌ڵوێست و هه‌نگاوه‌كانی سه‌رۆك كۆماری عێراق و فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دووپاتكرده‌وه‌و پێداگریشی كرد له‌ وه‌رگرتنی پشكی  یه‌كێتی له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی فیدراڵی عێراق.
له‌ ته‌وه‌ری ته‌رخانكراو بۆ گفتوگۆكردن و تاوتوێ كردنی بارودۆخی سیاسی كوردستان و گفتوگۆكانی په‌یوه‌ست به‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، یه‌كێتی كارنامه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نی بۆ به‌شداریكردن له‌ كابینه‌ی نوێ گه‌ڵاڵه‌ كردووه‌، به‌ ئامانجی باشتركردنی گوزه‌رانی خه‌ڵكی كوردستان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و كه‌موكورییه‌كانی حوكمڕانی له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، كه‌ به‌لای یه‌كێتی-یه‌وه‌ كارنامه‌ی حكومه‌ت بۆ حزمه‌تكردنی خه‌ڵك و حوكمڕانیه‌كی سه‌ركه‌وتوو گرنگه‌، به‌شداری ڕاسته‌قینه‌ و كاریگه‌ری یه‌كێتی و لایه‌نه‌كانی تر، وه‌رگرتنی بڕیاری هاوبه‌ش و به‌رپرسیارێتی هاوبه‌شیش گرنگه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی كابینه‌كه‌و جێبه‌جێكردنی كارنامه‌كه‌ی.

كۆبونه‌وه‌ پێداگری كرد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت درێژه‌ی پێیبدرێ، به‌ ره‌چاوكردنی بارودۆخی هه‌ستیاری كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ و ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك و له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای گه‌لی كوردستان، لایه‌نه‌كان ڕاشكاوانه‌ گفتوگۆ بكه‌ن، له‌باره‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و ده‌ست پێكردنی قۆناغێكی نوێ له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و حوكمڕانی و ئارامی هه‌رێمی كوردستان.

یه‌كێتی هه‌وڵه‌كانی بۆ كۆتاییهێنان به‌دۆخی نه‌خوازراوی كه‌ركوك چڕده‌كاته‌وه‌
ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی، دۆخی كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانیه‌ دابرێنراوه‌كانی هه‌ڵسه‌نگاند، دۆخی ناجێگیرو نائاسایی ئه‌و ناوچانه‌ و هه‌ندێ له‌و هه‌وڵ و بڕیارانه‌ی، بۆ سه‌رله‌نووێ شێواندنی دیمۆگرافیای كه‌ركوك و  ئارامی و ئاسایشی هاوڵاتیان ده‌درێن، به‌وردی تاوتوێ كرد، سه‌رله‌به‌ری ئه‌و هه‌وڵ و بڕیاره‌ ناده‌ستوریانه‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌، هه‌وڵه‌كانیشی چڕده‌كاته‌وه‌ بۆ كۆتایهێنان به‌و دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌.

چه‌ند لیژنه‌یه‌ك بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كان پێكده‌هێنرێت
هه‌ڵسه‌نگاندنی كاروباری ئۆرگان و داموده‌زگاكانی حزب، چۆنێتی چاره‌سه‌ركردنی كه‌موكوڕییه‌كان و سازدانه‌وه‌ی ئۆرگانه‌كان و هه‌ڤاڵان، بۆ راپه‌راندنی ئه‌ركه‌كانی قۆناغه‌كه‌. له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ بڕیارو رێوشوێنی پێویست وه‌رگیرا.

له‌به‌ر رۆشنایی گفتوگۆی هه‌ڤاڵان، كۆبونه‌وه‌ بڕیاری پێكهێنانی ژماره‌یه‌ك لیژنه‌ی دا بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و پرۆژه‌ی یه‌كێتی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت و دۆسیه‌ی به‌غدا، كوردستان، راگه‌یاندن، دارایی گشتی و هاوكاریكردنی حكومه‌ت بۆ چه‌سپاندنی ئارامی و سه‌پاندنی سه‌روه‌ری یاسا.

وەڵام دانەوە

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>

Scroll To Top