بانکى زانیارى ... سەرچاوەیەک بۆ شرۆڤە و بڕیارى دروست >>> بنك معلومات ... مصدر للتحليل والقرار الصائب >>> INFORMATION BANK ... SOURCE FOR ANALYZE AND THE RIGHT DESCRIPTION

مه‌كته‌بی سیاسی: یه‌كێتی ئه‌ندازیار و داینه‌مۆی ڕاپه‌ڕینه‌

 

.

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت : یه‌كێتی ئه‌ندازیار و هێزی داینه‌مۆی ڕاپه‌ڕین و وێڕای ڕاپه‌ڕین و قوربانیدانی گه‌له‌كه‌مان هێشتا به‌شێك له‌ ئامانجه‌كان به‌دینه‌هاتوون.

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌بۆنه‌ی 28 ساڵه‌ی یادی ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی ئاداری 1991 پیرۆزبایی له‌سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات و دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی چۆن ئه‌ندازیاری ڕاپه‌ڕین بوو، ئاوه‌هاش ئه‌ندازیاری پاراستنی ده‌ستكه‌وتان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان ده‌بێت.
ئه‌مه‌ش ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان

– كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان‌و ئه‌نفالكراوان!

– پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان، تێكۆشه‌رانی گه‌له‌كه‌مان!

– كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان!

به‌سڵاوێكی گه‌رمه‌وه‌، پیرۆزبایی یادی (28) ساڵه‌ی ڕاپه‌ڕین، له‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ین، كه‌ له‌ ڕۆژی (5)ی ئازاری ساڵی (1991)، له‌ڕانیه‌ی ده‌روازه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد‌و سه‌رانسه‌ر باشوری كوردستانی گرته‌وه‌و مژده‌ی ئازادی‌و ڕزگاربوونی له‌ سته‌م‌و ژێرده‌سته‌یی‌و پاكتاوی نه‌ژادی، به‌ گه‌ل‌و وڵات داو وه‌رچه‌رخانێكی مێژوویی گه‌وره‌ی دروستكرد.

ڕاپه‌ڕینی ئازار، به‌رئه‌نجامی كه‌ڵه‌كه‌بوون‌و په‌نگخواردنه‌وه‌ی، ڕقی پیرۆزی گه‌لی كوردستان بوو، به‌رامبه‌ر به‌پیاده‌كردنی سیاسه‌تی نه‌گریسی رژێمی به‌عس به‌رامبه‌ر به‌گه‌لی كوردستان، هه‌ر له‌ ته‌عریب، ته‌رحیل، ته‌بعیس تا كیمیابارانكردن‌و ئه‌نفالكردن‌و ڕووخاندنی گونده‌كانی كوردستان‌و چه‌ندین تاوانی تری دژی مرۆڤایه‌تی. بۆیه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌‌و جه‌ماوه‌ر شان به‌شانی یه‌كتری له‌ڕاپه‌ڕیندا داموده‌زگا سه‌ركوتكه‌ره‌كانی رژێمی به‌عسیان ڕاماڵی‌و ئاوات‌و ئامانجی هه‌زاران شه‌هید‌و ئه‌نفالكراو و قوربانیی گه‌لی كوردستانیان به‌دیهێنا.

گه‌لی كوردستان له‌به‌رئه‌نجامی ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌دا، بووه‌ خاوه‌نی دامه‌زراوه‌ی نیشتمانیی خۆی‌و جاڕی حوكمڕانی خۆماڵی دا له‌ كوردستانی ڕزگاركراودا. ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ستكه‌وت‌و سه‌روه‌رییه‌كانی هه‌تا به‌ كه‌موكوڕییه‌كانیشه‌وه‌، ده‌ستكه‌وتێكی گرنگی ڕاپه‌ڕینه‌، كه‌ له‌دوای پرۆسه‌ی ئازادیی عیراق‌و روخاندنی رژێمی به‌عس-یش، فیدرالی وه‌ك ئامانجێكی سه‌ره‌كی شاڕێی خه‌باتی چه‌ندین ساڵه‌ی (یه‌كێتی) له‌ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عیراقدا چه‌سپا.

-گه‌لی كوردستانی ڕاپه‌ڕینپه‌روه‌ر!

ئێستا له‌هه‌لومه‌رجێكدا، یادی ڕاپه‌ڕین ده‌كه‌ینه‌وه‌، ئامانجه‌كانی ڕاپه‌ڕین‌و قوربانیدانی گه‌له‌كه‌مان، سه‌رباری ئه‌وه‌ی به‌شی زۆریان به‌دیهاتوون، به‌ڵام هێشتا به‌شێك له‌ ئامانجه‌كان به‌دینه‌هاتوون، یان به‌ته‌واوه‌تی نه‌چه‌سپیون، به‌تایبه‌تی یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی چاره‌نوسی كه‌ركوك‌و ناوچه‌ كوردستانیه‌ دابڕێنراوه‌كان، بۆیه‌ هێشتا درێژه‌دان به‌ خه‌بات به‌ گیانی به‌رزی ڕاپه‌ڕین، پێویستییه‌كی گرنگی قۆناغه‌كه‌یه‌، له‌م پێناوه‌شدا وه‌ك هه‌میشه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌وێنی یه‌كڕیزیی‌و ته‌بایی نێوان سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ده‌بێت.

ئه‌م یاده‌، له‌سه‌روبه‌ندی پرۆسه‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت‌و ده‌ستپێكردنی قۆناغێكی تره‌ له‌ پرۆسه‌ی سیاسی‌و حوكمڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان وه‌ك هێزی ئه‌ندازیارو داینه‌مۆی ڕاپه‌ڕین، هێزی ده‌ربه‌ستی ئه‌ركه‌كانی قۆناغ‌و به‌رپرسیار له‌به‌رامبه‌ر چاره‌نوسی گه‌له‌كه‌مان، دووپاتیده‌كاته‌وه‌، به‌ یه‌كێتی ریزه‌كانی گه‌له‌كه‌مان‌و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان، به‌سازانی نیشتمانی‌و به‌لاوه‌نانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تیه‌كان‌و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی گه‌لی كوردستان، به‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌ هه‌رێم‌و یه‌كده‌نگی‌و یه‌كهه‌ڵوێستی له‌ كه‌ركوك‌و ناوچه‌ كوردستانیه‌ دابڕێنراوه‌كان‌و عیراق، ده‌توانین هه‌نگاوی گرنگ به‌ره‌و به‌دیهێنانی مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی‌و دیموكراسی‌و ده‌ستورییه‌كانی گه‌لی كوردستان بنێین‌و ئارامی‌و خۆشگوزه‌رانی‌و ئۆقره‌یی له‌ پرۆسه‌ی سیاسی‌و حوكمڕانیدا به‌دیبێنین.

له‌ عیراقیشدا قۆناغێكی نوێی سیاسی‌و حوكمڕانی ده‌ستیپێكردووه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر به‌ سیاسه‌ت‌و گووتارێكی یه‌كگرتوو له‌گه‌ڵیدا مامه‌ڵه‌ بكه‌ین، ده‌رفه‌تی له‌بار ڕه‌خساوه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم‌و عێراق‌و به‌دیهێنانی مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی گه‌لی كوردستان‌و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌ كه‌ركوك‌و ناوچه‌ كوردستانیه‌ دابڕێنراوه‌كان.

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌گیانی به‌رپرسیارێتی‌و په‌رۆشیی بۆ به‌دیهێنانی مافه‌ دیموكراسی‌و نه‌ته‌وه‌یی‌و ده‌ستورییه‌كانی گه‌لی كوردستان‌و هێنانه‌دی دوائامانج‌و ئاواتی شه‌هیدان، به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ خه‌بات. چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان‌و خۆئاماده‌كردن بۆ ئه‌ركه‌كانی داهاتوو له‌ هه‌رێم‌و كه‌ركوك‌و ناوچه‌ كوردستانیه‌ دابڕێنراوه‌كان‌و عیراق، كه‌ یه‌كێتی‌و پارتی ڕێكه‌وتنی سیاسیان له‌باره‌وه‌ كردووه‌، به‌ نه‌خشه‌ڕێگای چاره‌سه‌ر‌و باشتركردنی گوزه‌رانی خه‌ڵك‌و بوژانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابوری‌و حوكمڕانیه‌كی دروست‌و دامه‌زراوه‌یی له‌ كوردستان، ده‌زانین.

هه‌ر له‌م یاده‌ پیرۆزه‌دا، مه‌كته‌بی سیاسی، وێڕای دووپاتكردنه‌وه‌ی پیرۆزبایی له‌ده‌روازه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ تا حه‌مرینی دوا سنوری خوارووی نیشتمان، به‌ناوی هه‌ڤاڵانی یه‌كێتییه‌وه‌ هه‌مان به‌ڵێنی یه‌كێتییانه‌ نوێ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ پارێزه‌ری ده‌ستكه‌وته‌كانی ڕاپه‌ڕین بێت، وه‌فاداری ئامانجه‌ به‌دینه‌هاتووه‌كانی ڕاپه‌ڕین‌و بگره‌ په‌ره‌پێدانی ویستی ئازادیخوازانه‌ی نه‌وه‌ی تازه‌ی دوای ڕاپه‌ڕین بێت. وه‌فاداری باشتركردنی گوزه‌رانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك بێت، به‌تایبه‌تی كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان‌و ئه‌نفالكراوه‌كان، چاكسازیی له‌ حوكمڕانی‌و بنه‌بڕكردنی گه‌نده‌ڵی. هه‌روه‌ها خه‌باتی نه‌پساوه‌ له‌ كه‌ركوك‌و ناوچه‌ كوردستانیه‌ دابڕێنراوه‌كان درێژه‌پێده‌ده‌ین بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی دۆخی ناوچه‌كه‌‌و قوڵكردنه‌وه‌ی گیانی پێكه‌وه‌ژیان، خه‌بات ده‌كه‌ین بۆ به‌دیهێنانی دۆخێكی شایسته‌‌و گونجاو، كه‌ شایسته‌ی قوربانیه‌كانی ڕاپه‌ڕین‌و مێژوو و ئه‌زموون‌و خه‌باتی دوورو درێژی ڕابه‌ری مێژووییمان سه‌رۆك مام جه‌لال ‌و شه‌هیدان‌و قوربانیدانی گه‌له‌كه‌مان بێت.

له‌یادی (28) ساڵه‌ی ڕاپه‌ڕیندا

-نه‌مریی بۆ شه‌هیدانی كوردستان، سڵاوی ئه‌مه‌ك‌و وه‌فا بۆ كه‌سوكاره‌ سه‌ربه‌رزه‌كانیان.

-سڵاو له‌ پێشمه‌رگه‌‌و تێكۆشه‌رانی گه‌له‌كه‌مان.

-بێته‌دی ئامانجه‌ به‌دینه‌هاتووه‌كانی ڕاپه‌ڕین.

-سڵاو له‌جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕینپه‌روه‌ری كوردستان.

مه‌كته‌بی سیاسی

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان

وەڵام دانەوە

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>

Scroll To Top