بانکى زانیارى ... سەرچاوەیەک بۆ شرۆڤە و بڕیارى دروست >>> بنك معلومات ... مصدر للتحليل والقرار الصائب >>> INFORMATION BANK ... SOURCE FOR ANALYZE AND THE RIGHT DESCRIPTION

پەیڕەوی ناوخۆ

پەیڕەوی ناوخۆ

 

یەکەم: پـرەنـسـیپە گشـتییەکان

ماددەى 1 :

  1. ناو : یەکێتيى نیشتیمانى کوردستان کە کورتکراوەکەى (ى. ن. ک) ە.
    2. سنوورى هەڵسوڕان و چالاکى : هەرێمى کوردستان، ناوچە دابڕاوەکان، ناوچەکانى ترى عێراقى فیدڕاڵ و دەرەوەى وڵات.

ماددەى 2 : یەکێتيى نیشتیمانیى کوردستان حزبێکى سۆسیال دیموکراتە، خەبات ئەکات بۆ سەقامگیر کردنى ئاشتى و پتەوکردنى بەهاکانى ئازادى، دیموکراسى، هاوڵاتیبوون، مافـــى مرۆڤ، مافى چارەنووس و بڕواى هەیە بە کەلتوورى یەکسانى و لیبووردەیى.
1. دروشمەکان : ئاشتى، ئازادى، دیموکراسى، مافى مرۆڤ، مافى چارەنووس، دادپەروەرى کۆمەڵایەتى.
2. ئاڕم: دەستێک گوڵى لالە (مێلاقە) و چڵە زەیتوون و گوڵە گەنمێکى بەرز کردۆتەوە.
3. سروودى مەشخەڵان سروودى فەرمى (ى. ن. ک) ە.

 

ماددەى 3 :

پەیڕەوى ناوخۆ باڵاترین دەستوورى کارى ڕیکخراوەیى (ى. ن. ک) ە، ئەندام و ئۆرگانەکان لە هەر پلەیەکدا بن، دەبیت پێوەى پابەند بن.

 

 

ماددەى 4 :

لە کۆمیتە تا ئاستى سەرکردایەتى لە هەموو ئۆرگانەکاندا ڕێژەى ژن بەلاى کەمەوە دەبێت لە (20 %) بێت.
ماددەى 5
1. کۆبوونەوەى ئۆرگانەکانى (ى. ن. ک) ڕێژەى یاسایى (نصابى قانوونى) وەردەگرێت بە ئامادەبوونى زۆرینەى ڕەها (50 + 1).
2. جگە لەو ماددانەى کە دەقێکى دیاریکراو ڕێژەیەکى جیاوازى بۆ دیاری کردووە، لە ئۆرگانەکانى (ى. ن. ک) دا دەنگدان بە زۆرینەى سادەى دەنگەکان دەبێت.

 

دووەم: ئەنـــــدامێتى

ماددەى 6 :

  1. هەر هاوڵاتییەکى کوردستان، ناوچەکانى ترى عێراقى فیدراڵ و دەرەوەى ووڵات، کە باوەڕى بە پڕۆگرام و پەیڕەوى (ى. ن. ک) هەبێت دەتوانێت ببێت بە ئەندام.
    2. ڕێکخستن و ئەندامێتى لەسەر بنچینەى جوگرافى، پیشەیى یان ناوەندى هەڵبژاردن دەبێت. هەر ئەندامێک لە کاتى گواستنەوە، یان ئالوگۆڕى شوێنى نیشتەجێ بوون، یاخود شوێنى پیشەیى، دەتوانیت داوا لە ئۆرگانەکەى بکات بۆ گواستنەوە.

ماددەى 7 : مەرجـەکــانــى ئەنــدامێتى

  1. ئەندام تەمەنى لە (18) ساڵ کەمتر نەبێت و هەر هاوڵاتییەک لە (15) ساڵییەوە لە یەکێک لە ڕێکخراوەکانى سەر بە (ى. ن. ک) وەردەگیرێت.
    2. داوایەک بە نووسراو پێشکەش بکات.
    3. پابەندى پەیڕەو بێت بۆ جێبەجێکردنى پڕۆگرام تێبکوشێت.
    4. لە ئۆرگانێکى (ى. ن. ک) دا چالاکى بنوێنێت.
    5. ناو ناوبانگى باش بێت و لانى کەمى هۆشیارى سیاسی و نیشتیمانى هەبێت.
    6. ئابوونە بدات.

 

ماددەی 8 : مافەکــانــى ئەنـــــــدام

  1. هەموو ئەندمێک مافى هەیە لە چوارچێوەى پەیڕەوى ناوخۆدا بەشدارى لە هەڵبژاردنەکاندا بکات و خۆى بۆ ئۆرگانەکانى (ى. ن. ک) بپاڵێوێت.
    2. پرسیار و پێشنیارکردن و ڕەخنەگرتن لە هەر ئەندام و ئۆرگانێکى (ى. ن. ک) بە زارەکى یاخود بە نووسین لە هەر مەسەلەیەکى سیاسى و ڕێکخراوەیى و داراییدا لە ڕێگەى ئۆرگانەکانى خۆیەوە و لــــــــــــە چوارچێوەى (ى. ن. ک) دا.
    3. هەموو ئەندامێکى بەهرەمەند، لە بوارەکانى نووسین و هونەرى و وەرزشیدا، لە کاتى پێویستدا مافى خۆیەتى داواى هاوکارى و پشتیوانى لە (ى. ن. ک) بکات.
    4. هەموو ئەندامێکى یەکێتى لەکاتى نەخۆشى، لێقەومان، کارەسات و ڕووداوى ناخۆشى چـــــاوەڕواننەکراودا، بۆى هەیە داواى کۆمەکى ماددى لە (ى. ن. ک) بکات.
    5. هەموو ئەو ئەندامانەى کادرى پیشەیین، مووچەى مانگانەیان بە پێى سروشتى کارەکانییان دەدرێتێ، هەموو مافێکییان بەپێى ڕەچاوکردنى یەکسانى بۆ دابین دەکرێت و لە سۆنگەى تەمەن و نەخۆشییەوە خانەنشین دەکرێن.
    6. ئەو ئەندامانەى کە ساڵانێکى زۆرە ئەندامن و خزمەتێکى زۆرى (ى. ن. ک) یان کردووە، بەپێى بەرنامەیەکى تایبەن کە کۆمیتەى سەرکردایەتى لێى بەرپرسیارە، لە ڕووى ماددى و مەعنەوییەوە ڕێزیان لێ دەگیرێت.
    7. ئەندام مافى بەرگرى لە خۆکردنى هەیە.

ماددەى 9 : ئەرکەکــانــــى ئەنــــدام

  1. دڵسۆزانە بۆ جێبەجێکردنى ئامانجەکانى (ى. ن. ک) تێبکوشێت.
    2. یەکێتى ڕیزەکانى ناو (ى. ن. ک) بپارێزێت.
    3. دژى دەستەگەرى و ناوچەگەرى و هۆزگەرى بێت.
    4. هەوڵى بەرزبوونەوەى ئاستى هۆشیاریى، سیاسى و نەتەوەیى خۆى بدات.
    5. نهێنییەکانى (ى. ن. ک) بپارێزێت و ڕاستیەکانى لێ نەشارێتەوە.
    6. بەرگرى لە بەرنامە و سیاسەتى (ى. ن. ک) و سەروەرییەکانى بکات.
    7. بەرژەوەندى (ى. ن. ک) بخاتە سەرووى بەرژەوەندى خۆیەوە و بەرژەوەندى گەل و نیشتیمانى لە سەرووى هەموو بەرژەوەندییەکان ڕابگرێت.
    8. هەوڵ بدات دۆست و لایەنگر و دەنگدەر بۆ (ى. ن. ک) پەیدا بکات.
    9. پارێزگارى لە سەروەرى یاسا و مافەکانى مرۆڤ و ژینگە بە ئەرکى خۆى بزانیت.
    10. دەبێت هەموو ئەندامێک مانگانە ئابوونەى ئەندامێتى بدات و مەکتەبى ڕێکخستن ڕێساى تایبەت بە چۆنییەتى وەرگرتن دەربکات.

ماددەى 10 : لە دەستدانى ئەندامێتى و سزادانى

ئەندام لە ئەندامێتى (ى. ن. ک) دەکەوێت بەهۆى : مردن، وازهێنان یان دەرکردنەوەى.

ماددەی 11: سزادان و جۆرەکانى

  1. سەرنج ڕاکێشان : کۆمیتە و مەڵبەندەکان لە سنوورى چالاکى خۆیان، هەریەک بە پێى ئاستى خۆى لە کاتى پێویستدا، دەتوانن بەنووسراو سەرنجى هەر ئەندامێک ڕابکێشن کە کەمتەرخەمى و پێشلکارى لە کارکردندا کردبێت، یاخود کارێکى واى کردبێت کە شیاوى ئەو سزایە بێت.
    2. هەڵپەساردن : لە کاتى بەردەوام بوونى ئەندام لەسەر کەمتەرخەمى و پێشلکارى لە دواى سەرنج ڕاکێشانى و لەسەر پێشنیارى مەڵبەند، مەکتەبى ڕێکخستن دەتوانێت بڕیارى هەڵپەساردنى بۆ (3 _ 6) مانگ بە پێى پێشێلکارییەکە دەربکات.
    3. پلەداگرتن : دواى سەرنج ڕاکێشان و هەڵپەساردن لە کاتى بەردەوام بوونى ئەندام لەسەر پێشێلکارییەکانى بە پێى قەبارەى پێشێلکارییەکە، مەڵبەند پێشنیار دەکات و مەکتەبى ڕێکخستن دەتوانێت بڕیارى پلەداگرتن بدات.

 

 

 

  1. دەرکردن :

هۆیەکــانــى دەرکـــردن :

ئەنــدام لــەم بـارانەدا دەردەکرێت :
1. کارکردن دژ بە بەرژەوەندییە باڵاکانى گەل و نیشتیمان.
2. پەیوەندییکردن بە هەر لایەنێکى ترى سیاسی.
3. کارکردن دژ بە سیاسەتى (ى. ن. ک) و هەوڵدان بۆ تێکدانى ڕێزەکانى.
4. بەرژەوەندى تایبەتى خۆى بخاتە سەروى بەرژەوەندى (ى. ن. ک).
5. درکاندنى نهێنیەکانى (ى. ن. ک).
6. کارکردن دژ بە پالێوراوان و بەرنامەى (ى. ن. ک) لە کاتى هەلمَەتەکانى هەڵبژاردندا.
7. لە پەیڕەو و پڕۆگرامى (ى. ن. ک) لا بدات.
8. هەر ئەندامێک لە هەر پلەیەکدا بێت تاوانێکى ئابڕوبەرى (الجرائم المخلة بالشرف) سەلمێنراو بە بڕیارێکى دادگایی ئەنجامدا بێت مافى ئەندامێتى لێ دەسەنرێتەوە.

12 ماددەى:

بڕیارى دەرکردن لە کۆمیتەى سەرکردایەتى دەردەچێت.

سێیەم: کۆنگرە

ماددەى 14 :

کۆنگرە باڵاترین دەسەڵاتى (ى. ن. ک) ە، کە هەر (3) ساڵ جارێک دەبەسترێت و کۆنگرەى داهاتوو پێویستە لە مانگى (10 / 2013) دا ببەسترێت.

 

 

ماددەى 15 :

نابێت لە هەر بارێکدا کۆى گشتى ئەندامانى کۆنگرە لە (1000) ئەندام تێپەڕ بکات.
ئەنــدامــانى کۆنگــــرە پێکـــدێن لـــــە : ‌

أ. نوێنەرانى ڕێکخستن کە بە هەڵبژردن دەبێت، بەپێی ئەو ڕێژەیەى کە بۆیان دیارى دەکرێت.
‌ب. ئەندامانى کۆمیتەى سەرکردایەتى و ئەنجومەنى ناوەند.
‌ج. ئەندامانى پێشووى مەکتەبى سیاسی و کۆمیتەى سەرکردایەتى.
‌د. ئەندامانى مەکتەب و دەزگا و پێشمەرگەکانى (1976)، پێشمەرگە دیرینەکان، زیندانە سیاسیەکان، ڕێکخستنە دێرینەکان، پارتیزانەکان و کەمئەندامان بەبێ هەڵبژاردن دەبنە ئەندام بەپێی ئەو ڕێژەیەیى بۆیان دیارى دەکرێت.
‌هـ. سکرتێرى گشتى بە ڕاوێژ لەگەڵ کۆمیتەى سەرکردایەتى، (120) ئەندامى کۆنگرە دیاریدەکات.
‌و. لانى کەم لە (20 %) ڕێژەى ئەندامانى کۆنگرە لە ژنان پێکدێت.
‌ز. کۆمسیۆنى باڵاى ئامادەکارى ڕێژەیەک لە ئەندامانى کۆنگرە دیارى دەکات بۆ فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى کوردستان و عێراق و وڵاتانى دەرەوە و وەزیرەکان و باڵیوز و دامودەزگا حکومیەکان و ڕێکخراوەکانى تر. ‌

ح. هەموو ئەندامانى تر لەڕێگەى هەڵبژاردنەوە دەبێت.

ماددەى 16 :

100)  )چاودێر لە کەسانى پسپۆڕى بوارى جیاجیا دەکرێت بانگهێشت بکرێن بە بڕیارى سکرتێرى گشتى و بەڕاوێژ لەگەڵ کۆمیتەى سەرکردایەتى بۆ ڕاوێژکردنى کارووبارەکانى کۆنگرە، کە مافى دەنگدانیان نابێت.

17 ماددەی:

  1. کۆمیسیۆنێک بە ناوى کۆمیسیۆنى باڵاى ئامادەکارى کۆنگرە بە بڕیارى کۆمیتەى سەرکردایەتى پێکدەهێنرێت.
    2. شەش مانگ بەر لە کۆنگرە، کۆمیسیۆنى باڵاى ئامادەکارى بە هاوکارى لەگەڵ دەزگاى هەڵبژاردن، ئامادەکارى پێویست دەکات بۆ کۆنگرە.
    3. کۆمیسیۆنى باڵاى ئامادەکارى دەزگاى هەڵبژاردن بەرپرسن لە ئەنجامدانى کارى پێداچوونەوەى لیستى ناوى ئەندامانى هەڵبژێردرا و دەستنیشانکراوى کۆنگرە بە پێى پێوانە دیاریکراوەکان لە پەیرِەو دا.

ماددەى 18 :

لەبەر هەر هۆیەک کۆنگرە لەکاتى خۆى نەکرا ببەسترێت، تەنها پلینیۆم دەتوانێت بۆ ماوەى (3 _6) مانگ بۆ یەک جار کۆنگرە دو ا بخات. لە کاتى نەبەستنى کۆنگرە لەو ماوەیەدا سەرکردایەتى شەرعییەتى لە دەست دەدات.

ماددەى 19 :

  1. ئەگەر زیاتر لە نیوەى سەرجەمى ژمارەى ئەندامانى کۆنگرە ئامادەى کۆنگرە بوون، کۆنگرە ڕەوایى پێویست وەردەگرێت.
    2. پەسەند کردنى ڕاپۆرت و بڕیاردان لە کۆنگرە دا بە زۆرینەى سادە دەبێت.

20 : ئـەرک و دەسەڵاتەکـــانـى کۆنگـــرە

  1. هەڵبژاردنى سکرتێرى گشتى.
    2. هەڵبژاردنى کۆمیتەى سەرکردایەتى و ئەندامانى ئەنجومەنى ناوەند.
    3. هەڵسەنگاندن و پەسەندکردنى ڕاپۆرتى سکرتێرى گشتى.
    4. پێداچونەوە و دەستکارى کردن و پەسەند کردنى پڕۆگرام و پەیڕەوى ناوخۆ.
    5. هەڵسەنگاندنى سیاسەتى (ى. ن. ک) لە نێوان دوو کۆنگرە دا و بڕیاردان لەسەر سیاسەتى نوێ بۆ چەسپاندنى ڕێبازى (ى. ن. ک).
    6. تاوتوێکردنى ئەو مەسەلانەى کە کۆنگرە بە پێویستى دەزانێت بڕیار لەسەریان بدات.
    7. بڕیاردان لەسەر سکاڵا و پێشنیارە پێشکەشکراوەکان.
    8. هەڵسەنگاندنى کاروبارەکانى حکومەت.
    9. دەرکردنى ڕاگەیاندنى کۆتایى.

ماددەى 21 : کـۆنگـــرەى نائاسایـــــــى

  1. کۆنگرەى نائاسایى لەو کاتەدا دەبەسترێت، کە قەیرانیَک یان ڕووداوێکى گرنگ دێتە پێشەوە.
    2. لەسەر داواى سکرتیرى گشتى یان 3 / 4 ى ئەندامانى کۆمیتەى سەرکردایەتى یان 3 /4 ى
    ئەندامانى ئەنجومەنى ناوەند کۆنگرەى نائاسایى دەبەسترێت.
    3. لانى کەم مانگێک پێش بەستنى کۆنگرەى نائاسایى، کاتى بەستنى کۆنگرە دیارى دەکرێت.
    4. کۆنگرەى نائاسایى هەمان دەسەڵاتەکانى کۆنگرەى ئاسایى هەیە.
    5. ئەندامانى کۆنگرەى ئاسایى پێشوو دەبنە ئەندامى کۆنگرەى نائاسایى.

ماددەى 22: کۆبونەوەى فراوان (پلینیۆم)

  1. بە مەبەستى پێداچوونەوەى کاروبارەکانى (ى. ن. ک) و وەرگرتنى بیروڕاى زۆرترین ئەندامانى لێپرسراو و لەسەر داواى سکرتێرى گشتى یان 2 / 3 ى ئەندامانى کۆمیتەى سەرکردایەتى یان 2 / 3 ى ئەندامانى ئەنجومەنى ناوەند پیلنیۆم دەبەسترێت.
    2. بەشدارانى پیلنیۆم پێکدێت لە سکرتێرى گشتى، کۆمیتەى سەرکردایەتى، ئەنجومەنى ناوەند، ئەندامانى مەکتەب، دەزگاکان و ئەنجومەنى مەڵبەندەکان.
    3. هەموو دەسەڵاتێکى کۆنگرەى هەیە جگە لە : گۆڕینى پڕۆگرام و پەیڕەو و سکرتێرى گشتى.
    4. دەتوانێت 1 / 3 ئەندامانى کۆمیتەى سەرکردایەتى و ئەنجومەنى ناوەند بگۆڕێت.

چوارەم: پێکهاتەى کۆمیتەى سەرکردایەتى (ئەنجومەنى سەرکردایەتى)

ماددەى 23 :

کۆمیتەى سەرکردایەتى پێکدێت لە سکرتێرى گشتى و ئەندامانى کۆمیتەى سەرکردایەتى.

ماددەى 24: سکرتێرى گشتى

سکرتێرى گشتى ڕاستەوخۆ لە کۆنگرە هەڵدەبژێردرێت.

ماددەى 25: مەرجەکانى خۆ پاڵاوتن بۆ پۆستى سکرتێرى گشتى

  1. تەمەنى لە (40) ساڵ کەمتر نەبێت.
    2. ناوو ناوبانگى سەنگین بێت و شارەزا بێت لە جیهانى سیاسەتدا و خزمەتى گەل و نیشتمان و (ى.ن.ک) ى کردبێت.
    3. لایەنى کەم ماوەى (10) ساڵ ئەندامى (ى.ن.ک) بووبێت.

ماددەى 26 : هەڵبژاردنى سکرتێرى گشتى

  1. ئەگەر تەنها یەک کاندید هەبوو بۆ پۆستى سکرتێرى گشتى، ڕاستەوخۆ دەبێت بە سکرتێرى گشتى.
    2. ئەگەر دوو کاندید یان پتر هەبوو بۆ ئەو پۆستە، بە زۆرینەى ڕەهاى دەنگى ئەندامانى کۆنگرە هەڵدەبژێرێت. ئەگەر هەر کامێکیان زۆرینەى ڕەهاى بەدەست نەهێنا، (2) کاندید لەوانەى زۆرترین دەنگیان بە دەست هێناوە دەچنەوە هەڵبژاردن و ئەوەى زۆرترین دەنگ بە دەست بهێنێت دادەنرێت بە براوە.

ماددەى 27: ئەرک و دەسەڵاتەکانى سکرتێرى گشتى

  1. بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنى بڕیارو سیاسەتەکانى (ى.ن.ک).
    2. لە ئەندامانى کۆمیتەى سەرکردایەتى جێگر بۆ خۆى دیارى دەکات و دەتوانێت بەشێک لە دەسەلاتەکانى پێبدات.
    3. کاندیدەکانى دەستەى کارگێڕ پێشنیار دەکات بۆ کۆمیتەى سەرکردایەتى.
    4. نوێنەرایەتى (ى.ن.ک) ل گشت کۆڕو کۆبونەوە سیاسیەکاندا دەکات.
    5. فەرمانى دانانى ئەندامانى کۆمیتەى سەرکردایەتى و لێپرسراوانى دەزگاکان لە پۆستەکانیان دەردەکات.
    6. بەرپرسیارە لەجێبەجێکردنى بڕیارەکانى کۆنگرەو ئەنجومەنى سەرکردایەتى.
    7. سەرۆکایەتى کۆبونەوەکانى کۆمیتەى سەرکردایەتى دەکات.
    8. لێدوان بە ناوى (ى.ن.ک) ەوە، دەدات.
    9. ئەندامێکى کۆمیتەى سەرکردایەتى بە ووتەبێژى کۆمیتەى سەرکردایەتى دیارى دەکات.
    10. بەرپرسە لە ڕێکخستنى کاروبارى دارایى، داهات، سەرپەرشتى کردنى دەزگاى چاودێرى دارایى و دەزگا تایبەتییەکان.
    11. لە کاتى وەک یەکى دەنگدا لە کۆمیتەى سەرکردایەتى، سكرتێری گشتى لە هەر لایەک بوو، ئەو لایە بە زۆرینە دادەنرێت.
    12. سەرپەرشتى سەرجەم پەیوەندییە کوردستانى و نیشتمانیى و نێونەتەوەییەکان دەکات.
    13. بۆى هەبێت ئەنجومەنێکى راوێژکارى دابنێت لە (5) کەس.
    14. راپۆرتى گشتى بۆ کۆنگرەو پلینیۆم ئامادە دەکات.

ماددەى 28:

  1. لەکاتى لە کار نەمانى سکرتێرى گشتى بە هەر هۆیەک بێت، لە ماوەى (2) مانگدا دەبێت کۆنگرەى نا ئاسایى ببەسترێت.
    2. جێگرى سکرتێرى گشتى تا بەستنى کۆنگرەى نائاسایى ئەرکەکانى سکرتێرى گشتى جێبەجێ دەکات.

ماددەى 29: کۆمیتەى سەرکردایەتى

  1. کۆنگرە ئەندامانى کۆمیتەى سەرکردایەتى، کە پێکدێت لە (50) ئەندام هەڵدەبژێرێت، لەوانە (45) ئەندام بە سکرتێرى گشتییەوە هەڵدەبژێردرێن و (5) ئەندامیان لەسەر داواى سکرتێرى گشتى کۆمیتەى سەرکردایەتى دیارییان دەکات. هەروەها کۆنگرە (5) ئەندامى یەدەگ (إحتیاط) بە پێى ڕیزبەندى دەنگەکانیان دیارى دەکات.
    2. لە (20%) ى ئەندامانى کۆمیتەى سەرکردایەتى ژن دەبن.
    3. خۆکاندید کردنى ئەندامانى کۆمیتەى سەرکردایەتى بە شێوەى تاک دەبێت.

ماددەى 30:

کاندیدى کۆمیتەى سەرکردایەتى دەبێت ئەم مەرجانەى تێدا بێت:
1. تەمەنى لە (25) ساڵ کەمتر نەبێت.
2. ناوو و ناوبانگى باش و پاکبێت، خوێندەوارى و هۆشیارى سیاسى لە ئاستێکى گونجاودا بێت.
3. هاوکارى ڕژێمى پێشووى نەکردبێت.

ماددەى 31:

هەڵبژاردنى ئەندامانى کۆمیتەى سەرکردایەتى بە زۆرینەى دەنگ دەبێت.
ماددەى 32: ئەرک و دەسەڵاتەكانی کۆمیتەى سەرکردایەتى :
1. کۆمیتەى سەرکردایەتى لە بوارى جێبەجێکردنى ئەرکەکانى (ى.ن.ک) دا لە نێوان دوو کۆنگرە بەرزترین دەسەڵاتە.
2. جێبەجێکردن و بەدواداچونى بڕیار و ڕاسپاردەکانى نێوان دوو کۆنگرە.
3. داڕشتنى سیاسەتى گشتى لەسەر ئاستى ناوخۆیى و دەرەکى و پەرەپێدانی پەیوەندیەکانى (ى.ن.ک) لەگەڵ لایەنەکانى تردا.
4. دانانى بەرنامەو پلانى پێویست بۆ بەشدارى کردن لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا و چۆنیەتى هاوپەیمانى لەگەڵ لایەنەکانى تردا.
5. دامەزراندنى بۆردێکى ڕاوێژکارى لە کەسانى پسپۆڕو شارەزا بۆ سوود وەرگرتن لە تواناکانیان لە کاتى پێویستدا.
6. دانانى بودجەى ساڵانە بۆ مەکتەب و دەزگاکان بە پێى تواناو پێویستى.
7. دیاریکردنى پەیوەندى نێوان حزب و حکومەت.
8. جگە لەم دەسەڵاتانەى سەرەوە، کۆمیتەى سەرکردایەتى ئەو دەسەڵاتانەى تر بە ڕێوەدەبات، کە لەم پەیڕەوەدا پێى دراوە.

ماددەى 33:

  1. کۆمیتەى سەرکردایەتى (2 ) مانگ جارێک کۆبونەوەى ئاسایى خۆى دەکات.
    2. لەسەر بانگهێشتى سکرتێرى گشتى یان لەسەر داواى لانى کەم نیوەى ئەندامانى کۆمیتەى سەرکردایەتى دەتوانێت کۆبونەوەى نائاسایى بکات.

ماددەى 34:

ئەندامانى کۆمیتەى سەرکردایەتى بۆیان نیە دەسەڵاتى خۆیان بۆ هیچ چالاکییەکى بازرگانى بۆ بەدەست هێنانى قازانجى ماددى بەکاربهێنن، یان لە هەر چالاکییەکى بازرگانى یان هەر پرۆژەیەکى ئابورى ببنە شەریک.

ماددەى 35:

ئەنجومەنى سەرکردایەتى، بە رێژەى 2/3 ى دەنگى ئەندامەکانى، دەتوانێت هەر ئەندامێکى هەڵپەسێرێت (تجمید) ،کە پێشێلکارى لە پەیڕەوى ناوخۆى (ى.ن.ک) و پەیڕەوى کارى ئەنجومەنى سەرکردایەتیدا بکات.

ماددەى 36: مەکتەبى سیاسى

  1. پێکهاتە: مەکتەبى سیاسى پێکدێت لە (9-11) ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتى، کە سکرتێرى گشتى کاندیدیان دەکات و کۆمیتەى سەرکردایەتى دەنگیان بۆ دەدات.

 

  1. ئەرک و دەسەڵاتەکانى:
    ‌أ. جێبەجێکردنى بڕیارو ڕاسپاردەکانى کۆمیتەى سەرکردایەتى لە نێوان دوو کۆبونەوەدا.
    ‌ب. سەرپەرشتى کردن و ڕێنمایى کردنى ئۆرگانەکانى حزب، نەخشەدانان بۆ پەرەپێدان و هەڵسەنگاندنى ئۆرگانەکان لە ڕووى ڕێکخراوەیى، سیاسى، فیکرى و جەماوەرییەوە.
    ‌ج. پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى (ى.ن.ک) لەگەڵ لایەنەکانى تردا.
    ‌د. سکرتاریەتێک لە (7) کەس بەسەرپەرشتى ئەندامێکى سەرکردایەتى بۆ پەیگیرى کاروبارو پۆستەو بڕیارەکانى مەکتەبى سیاسى و ئۆرگانەکانى (ى.ن.ک) پێکدێنێ.

    3. دەستەى کارگێڕ
    ‌أ. سکرتێرى گشتى (3) ئەندامى مەکتەب سیاسى دیارى دەکات بۆ پێکهێنانى دەستەى کارگێڕ، کە یەکێکیان دەبێتە لێپرسراو، بۆ جێبەجێکردن و چاودێریکردنى بڕیارەکانى مەکتەبى سیاسى و ڕاپەڕاندنى کارى ڕۆژانەى مەکتەب سیاسى.
    ‌ب. کارگێر نابێت هیچ پۆستێکى تر وەربگرێت.

پێنجەم: ئەنجوومەنی ناوەندی

ماددەى 37:

  1. ئەنجومەنى ناوەند پێکدێت لە (101) ئەندام، کە (81) ئەندامیان بە هەڵبژاردن دەبێت و (20) ئەندامیان لە لایەن سکرتێرى گشتییەوە دیارى دەکرێن، بە ڕەچاوکردنى ناوچە جیاجیاکان و پێوانەکانى کەسایەتى و پسپۆڕى و شارەزاییە جیاوازەکان.
    2. نابێت ڕێژەى ژنان لە ئەنجومەنى ناوەنددا لە (20%) کەمتربێت.
    3. ئەنجومەنى ناوەند لە نێو ئەندامەکانیدا سکرتێرێک و دوو جێگرو بڕیاردەرێک هەڵدەبژێرێت.
    4. نابێت تەمەنى سکرتێرى ئەنجومەنى ناوەند لە (40) ساێل کەمتربێت.
    5. نابێت تەمەنى ئەندامانى ناوەند لە (25) ساڵ کەمتر بێت.
    6. نابێت سکرتێرو سکرتاریەتى ئەنجومەنى ناوەند هیچ پۆستێکى تریان هەبێت.
    7. نابێت ئەندامانى ئەنجومەنى ناوەند لە هیچ ئۆرگان و دەزگایەکى ترى (ى.ن.ک) بەرپرسیارێتیان هەبێت یان کار بکەن.

ماددەى 38:

سکرتێرى ئەنجومەنى ناوەند پەیوەندیى ئۆرگانیى ڕاستەوخۆى لەگەڵ سکرتێرى گشتیدا دەبێت و لەسەر داواى سکرێترى گشتى و لەکاتى پێویستدا دەتوانێت بەشدارى کۆبونەوەکانى مەکتەبى سیاسى بکات.

ماددەى 39: ئەرك و دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی ناوەند:

  1. ئەرکى چاودێریکردنى هەڵسوڕانى ئیش و کارى ئۆرگانەکان و دەرکردنى ڕێساى تایبەت بۆ چۆنیەتى ڕێکخستنى کاروبارەکانى لە ئەستۆدایە.
    2. پەیڕەوى کار بۆخۆى دادەنێت.
    3. هیچ ئەندامێک بەبێ ڕەزامەندى ئەنجومەنى ناوەند نابێت بە ئەندام مەکتەب.
    4. بە زۆرینەى دەنگ، دەتوانێت لەکاتى پێویستدا هەر ئەندام مەکتەبێک هەڵپەسێرێت یان لە کار بخات.
    5. بۆى هەیە بە نوسراو داواى ڕوونکردنەوە لەسەر هەر مەسەلەیەک لە هەر ئۆرگانێک بکات و هەروەها لە چوارچێوەى ئۆرگانەکانیدا بۆى هەیە نوێنەر بۆ ئۆرگانێک بنێرێت.
  2. لەسەر داواى 2/3 ى ئەندامەکانى لێپرسراوى هەر ئۆرگانێک بۆ پرسیار لێکردن و لێپێچینەوە بانگهێشت دەکات.
    7. ئەو ڕێکەوتنە گرنگانەى کە پەیوەندییان بە مەسەلە نەتەوەییە چارەنوسسازەکان و بەرژەوەندى باڵاى (ى.ن.ک) و هاوپەیمانییەتى هەڵبژاردنەوە هەیە. کە کۆمیتەى سەرکردایەتى بەشێوەیەکى سەرەتایى ئیمزایان دەکات، پاش ڕەزامەندى 2/3 ى ئەنجومەنى ناوەند کاریان پێ دەکرێت.
    8. پەسەند کردنى لیستى پاڵێوراوان بۆ هەڵبژاردنە گشتییەکان و ئەنجومەنى پارێزگاو شارەوانى ئەنجومەنە خۆجێییەکان.
    9. پەسەندکردنى پەیڕەوى کارى مەکتەب و دەزگاکان.

ماددەى 40:

هەر ئەندامێکى ئەنجومەنى ناوەند، لە چوارچێوەى پەیڕەوى کارى ئەنجومەندا، ئازادیى تەواوى ڕا دەربڕینى هەیە لە سۆنگەى ڕاو و بۆچونەکانیانەوەو هیچ لێپرسراوێتیەکى لە ناو ئەنجومەن ناکەوێتە سەر شان.

ماددەى 41:

  1. لە کاتى پێشێلکردنى پەیڕەوى ناوخۆى (ى.ن.ک)و پەیڕەوى کارى ئەنجومەنى ناوەند، لەلایەن سکرتێر و ئەندامانى سکرتاریەت و هەر ئەندامێکى ئەنجومەنى ناوەند، بە زۆرینەى دەنگى 2/3ى ئەندامانى ئەنجومەن ئەندامێتى لە ئەنجومەندا هەڵدەپەسێردرێت.
    2. لە کاتى پەیدا بوونى بۆشایى لە ژمارەى ئەندامانى ئەنجومەنى ناوەند بە زۆرینەى دەنگ لەو کەسانەى لە کۆنگرەدا دەنگیان هێناوە شوێنەکان پڕ دەکەنەوە.

ماددەى 42:

ئەم کۆمسیۆنانەى خوارەوە، سەر بە ئەنجومەنى ناوەند دەبن و ڕاپۆرتى وەرزییان دەبێت.
1. کۆمسیۆنى مافى مرۆڤ.
2. کۆمسیۆنى دەستپاکى.
3. کۆمسیۆنى سکاڵاو لێکۆڵینەوە.
4. کۆمسیۆنى پەیڕەوى ناوخۆ.
5. ئەنجومەنى ناوەند بۆى هەیە بەپێى پێویست کۆمسیۆنى پسپۆڕ دابمەزرێنێت.

ماددەى 43:

کۆمسیۆنى مافى مرۆڤ پێکدێت لە (5 تا 7) ئەندام و ئەرکى چاودێرى خراپ بەکارهێنانى پۆستەکان بۆ بەرژەوەندى تایبەت دەگرێتە ئەستۆ و سوود لە ڕاپۆرتەکانى چاودێریى و دارایى و لیژنەى لێکۆڵینەوەکان وەردەگرێت.

ماددەی 44:

كۆمسیۆنی دەستپاكی پێكدێت لە (5تا7) ئەندام و ئەركی چاودێریی خراپ بەكارهێنانی پۆستەكان بۆ بەرژەوەندی تایبەت دەگرێتە ئەستۆ و سوود لە راپۆڕتەكانی چاودێریی و دارایی و لیژنەی لێكۆڵینەوەكان وەردەگرێت.

ماددەى 45:

کۆمسیۆنى سکاڵاو لێکۆڵینەوە پێکدێت لە (3) ئەندامى یاسایى شارەزاو ئەرکى بریتى دەبێت لە:
1. یەکلاکردنەوە و بڕیاردان لە کێشەو سکاڵاکانى ئەندامان.
2. لێکۆڵینەوەو بڕیاردان لەوە کێشانەى، کە کۆمیتەى سەرکردایەتى، یان ئەنجومەنى ناوەند، یا وەکو مەکتەب و دەزگاکان بۆى بەرز دەکەنەوە.

 

ماددەى 46:

کۆمسیۆنى پەیڕەوى ناوخۆ پێکدێت لە (5) ئەندامى ئەنجومەنى ناوەند و ئەرکى بریتى دەبێت لە:

  1. چاودێرى کردنى ڕادەى گونجانى بڕیارو ڕێسا پەیڕەوکراوەکان لەگەڵ ماددەکانى پەیڕەوى ناوخۆى (ى.ن.ک) دا.
    2. شیکردنەوەى پەیڕەوى ناوخۆ دەگرێتە ئەستۆ.
    3. نوسینەوەى ڕەشنووسى پەیڕەوى پێشنیار کراو بۆ کۆنگرەى داهاتوو.
    4. چاودێرى کردنى ڕەوشى کاروبارى ئۆرگانەکان و بە دواداچونى ئیش و کارەکانیان و لێکۆڵینەوە لە کەموکورتییەکانیان.

شەشەم: مەکتەب و دەزگاکان

ماددەى 47: مەکتەب و دەزگاکان

  1. مەکتەبى ڕێکخستن.
    2. مەکتەبى دارایى و ئیدارەى گشتى.
    3. دەزگاى چاودێری دارایى.
    4. مەکتەبى ڕێکخراوە دیموکراتیەکان.
    5. مەکتەبى شەهیدان.
    6. دەزگاى خزمەتى پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکان.
    7. مەکتەبى پەیوەندییە گشتیەکان.
    8. دەزگاى هەڵبژاردن.
    9. مەکتەبى ڕاگەیاندن.
    10. مەکتەبى چاو دێرى و بەدواداچون.
    11. مەکتەبى کۆمەڵایەتى.
    12. ئەکادیمیاى هۆشیارى و پێگەیاندنى کادیران.

ماددەى 48:

  1. لێپرسراوى مەکتەب و دەزگاکان ئەندامانى کۆمیتەى سەرکردایەتى دەبن.
    2. لێپرسراوى مەکتەب لە کاتى پێویستدا یەکێک لە ئەندام مەکتەبەکان وەک یاریدەدەر دیارى دەکات بۆ هاوکارى کردنى خۆى.
    3. نابێت لیپرسراوانى مەکتەب و دەزگاکان هیچ کارێکى تریان هەبێت.
    4. لیپرسراوانى مەکتەب و دەزگاکان لە بەردەم دەستەى کارگێڕیدا بەرپرسیارن.
    5. هەر مەکتەبێک و دەزگایەک پڕۆژە و پەیڕەوى کار بۆ خۆى کە گونجاو بێت لەگەڵ پەیڕەوى ناوخۆدا دادەنێت پێویستە لەلایەن ئەنجومەنى ناوەندەوە پەسەند بکرێت.
    6. هەر مەکتەبێک و دەزگایەک، بۆ تاوتوێکردنى ئەرکانى و دانانى نەخشەى گونجاو بۆ پێشخستنى دامودەزگاکانى، کۆنفراسى ساڵانە دەبەسترێت.
    7. ئەگەر لێپرسراوى مەکتەبێک، یان دەزگایەک، دەستى لە کارکێشایەوەو دەست لەکارکێشانەوەکەى پەسەند کرا، تا ئەوکاتەى کۆمیتەى سەرکردایەتى لێپرسراوێکى تازە بۆ مەکتەب یا دەزگاکە دادەنێت، یاریدەدەرەکەى کارەکان بەڕێوە دەبات.
  2. هەر مەکتەب و دەزگایەک دەتوانێت دەتوانێت ئەنجومەنێک پێکبهێنێت.
  3. هەر مەکتەبێک بۆى هەیە لەکاتى پێویستدا ڕاویژکار دابنێت.

ماددەى 49:

  1. مەکتەب یا دەزگا پێکدێت لە چەند ئەندامێک، کە لێپرسراوی مەکتەب دەیانپاڵێوێت بەپێى بوارى پسپۆڕى.
    2. پاڵاوتنى هەر ئەندامێک بۆ پۆستى ئەندام مەکتەب یان دەزگا بەنووسراوێک دەبێت، کە لێپرسراوەکەى ئاڕاستەى ئەنجومەنى ناوەندى دەکات بۆ وەرگرتنى ڕەزامەندى.
    3. لە کاتێکدا ئەنجومەند ناوەند پاڵاوتنەکەى ڕەتکردەوە، مەکتەبەکە یان دەزگاکە بۆى هەیە داواکە دووبارە بکاتەوە.
    4. ئەگەر ئەنجومەن بۆ جارى دووەم داواکەى ڕەتکردەوە، بڕیارەکەى ئەنجومەن پلەى کۆتایى وەردەگرێت.

 

مەكتەبی رێكخستن

ماددەى 50:

  1. مەکتەبى ڕێکخستن بەرزترین دەسەڵاتى ڕێکخستنە و ئەرکى بەڕێوەبردنى ئۆرگانەکانى ڕێکخستن و دانانى نەخشەى گشتى ڕێکخستن دەگریتە ئەستۆ و پێکدێت لە (9) ئەندام لەوانە (2) ژن دەبن.
    2. ئۆرگانەکانى مەکتەبى ڕێکخستن بریتین لە (مەڵبەند، کۆمیتە، کەرت یان بازنەى جوگرافى). هەروەها هەر ئۆرگانێکى تر کە مەکتەبى ڕێکخستن بە پێویستى بزانێت.
    3. بەشەکانى مەکتەبى ڕێکخستن پێکدێت لە ڕێکخستن، چاودێریى و هەڵسەنگاندن، ئامار، بەڕێوەبردن و دارایى، ڕاگەیاندن و ڕووناکبیرى.

ماددەى 51: ئەرک و دەسەڵاتەکان:

  1. ڕێبەرایەتیکردنى ڕاستەوخۆى ڕێکخستنەکان لە ڕووى ڕێکخراوەیی،سیاسی و چالاکییە جەماوەرییەکان.
    2. هەڵسەنگاندنى ڕێکخستنەکان لە هەموو ڕوویەکەوە.
    3. پێشنیارکردنى کردنەوەى مەڵبەندى نوێ و یەکخستنەوەى مەڵبەندەکان بۆ کۆمیتەى سەرکردایەتى.
    4. دەرکردنى ڕێنمایی پێویست بۆ چۆنیەتى پێکهێنانى کۆمیتە و کەرت و بازنەکان یان هەر ئۆرگانێکى پێویستى تر.
    5. پۆلێنکردنى ئەندامان بەپێی پلە و ئەرکەکانیان.

ماددەى 52: ئەنجومەنى مەڵبەند

  1. ئەنجومەنى مەڵبەند بەرزترین دەسەڵاتە لە مەڵبەند دا ئەرکى جێبەجێکردنى نەخشەى گشتى ڕێکخستن و چالاکییەکانى (ى. ن. ک) بەڕێوە دەبات.
    2. ئەنجومەن پێکدێت لە لێپرسراو + جێگر + کارگێڕەکان +بەرپرسى کۆمیتە. جگە لە لێپرسراوى مەڵبەند (ئەندامى سەرکردایەتى دەبێت)، هەموویان لە کۆنفراسى مەڵبەند هەڵدەبژێردرێن.
    3. لێپرسراوى مەڵبەند بەرپرسە لە بەڕێوەبردنى کاروبارى ڕێکخستن لە سنورى دەسەڵاتى مەڵبەند و دانانى بەرنامەى پێوێست بۆ پێشخستنى ئەرکەکانى مەڵبەند لە ڕێکخراوەیی، سیاسی، فیکریی،جەماوەرى و ڕوناکبیرییەوە.
    4. مەڵبەند لە سنوورى چالاکى خۆیدا نوێنەرایەتى (ى. ن. ک) دەکات.
    5. دەستەى کاگێڕى پێکدێت لە (7) ئەندام و دەبێت (2)یان ژن بێت بەزۆرینەى دەنگ لە کۆنفرانسی مەڵبەند هەڵدەبژێردرێت.
    6. مەڵبەند پێکدیت لەم بەشانە (رێکخستن، چاودێریی، هەڵسەنگاندن، بەڕێوەبردن و دارایی، ئامار، پەیوەندییەکان، ڕووناکبیرى و ڕاگەیاندن).
    7. مەڵبەند دەتوانێت پێشنیارى کردنەوەى کۆمیتەو کەرتى نوێ بۆ مەکتەبى ڕێکخستن بکات.

ماددەى 53: کۆمیتە

  1. کۆمیتە پێکدێت لە چەند کەرتێک یان لـــە چەند بازنەیەک و ئەرکەکەى سەرپەرشتى کــــــردنى چالاکییەکانى (ى. ن. ک)ە لە سنورى خۆیدا.
    2. کۆمیتە دەتوانێت پێشنیارى کردنەوەى کەرت و بازنەى نوێ بۆ مەڵبەند بکات.
    3. ئەنجومەنى کۆمیتە پێکدێت لە لێپرسراوێک و دوو کارگێڕ و لێپرسراوانى کەرتەکان یان بازنەکان، کە بە هەڵبژاردن دیارى دەکرێت.

ماددەى 54: مەکتەبى دارایى و ئیدارەى گشتى

  1. مەکتەبى دارایی و ئیدارەى گشتى پێکدێت لە (7) ئەندام و سەرپەرشتى کاروبارەکانى ئیدارى و دارایی و ئابورى (ى. ن. ک) دەکات.
    2. ئەرکى دامەزراندن و پەرەپێدانى پڕۆژەى ئابورى و سەرچاوەى داهاتە بۆ (ى. ن. ک) دەکات.
    3. پێویستە ئاگادارى سەرجەم داهات و سەرفى (ی. ن. ک) بێت لە ناوەوەو دەرەوەى ووڵات.
    4. لە مانگى کانونى یەکەمدا ڕاپۆرتى ساڵانەى خۆى پێشکەش بە سکرتێرى گشتى دەکات و نوسخەیەک لەو ڕاپۆرتە دەداتە کۆمیتەى سەرکردایەتى.

ماددەى 55: دەزگاى چاودێرى دارایى

  1. دەزگاى چاودێرى دارایی پێکدێت لە (7) ئەندام دەزگا بە لێپرسراوەکەیەوە، کە خەڵکى پسپۆڕن لەو بوارەدا.
    2. چاودێرى چۆنیەتى داهات و خەرج دەکات لە گشت ئۆرگان و مەکتەب و دەزگاکان (ى. ن.ک).
    3. پەیوەندى ڕاستەوخۆى بە سکرتێرى گشتى (ى.ن. ک) ەوە دەبێت.
    4. ڕاپۆرتى وەرزیی و ساڵانە پێشکەش بە سکرتێرى گشتى دەکات.

ماددەى 56 : مەکتەبى ڕێکخراوە دیموکراتیەکان

  1. مەکتەبى ڕێکخراوە دیموکراتیەکان پێکدێت لە (7) ئەندام.
  2. ئەرکى سەرپەرشتیکردنى ڕێکخراوە پیشەیی و دیموکراتیەکان دەگرێتە ئەستۆ.
  3. هەماهەنگى لەگەڵ ڕێکخراو سەندیکاو ڕێکخراوە ناحکومیەکان دامەزراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى دروست دەکات.
  4. لە ئەندامانى مەکتەبى ڕێکخراوە دیمەکراتییەکان و لیپرسراوانى ڕێکخراوە پیشەییەکان و ناوەندە دیموکراتییەکان ئەنجومەنێک بەناوى ئەنجومەنى ڕێکخراوەکان پێکدەهێنێت و هەر (3) مانگ جارێک بە سەر پەرشتى لیپرسراوى مەکتەب کۆ دەبێتەوە و لە کاروبارى تایبەت بە ڕێکخراوەکان دەکۆلێتەوە.
    5. لە سنورى جوگرافى هەڵسوڕانى لقەکانى ڕێکخراوەکاندا،کە کەمتر نەبن لە (6) لق، ناوەندى ڕێکخراوە دیموکراتییەکان پێکدەهێنێت.
    6. ناوەند هەماهەنگى دیموکراسى تەواو لەگەڵ مەڵبەند و کۆمیتەکاندا دروست دەکات.

ماددەى 57: مەکتەبى شەهیدان

  1. مەکتەبى شەهیدان پێکدێت لە (7) ئەندام.
    2. ئەرکى سەرپەرشتیکردنى کاروبارى پەیوەند بە شەهیدانە.
    3. ئەرکى دابینکردنى مافەکانى شەهیدانە، بەپێی ئەو یاسا و ڕێسایانەى، کە لە داموودەزگاکانى (ى. ن. ک) و حکومەتدا دیارى کراوە.
    4. بەرنامە بۆ ڕاگرتنى سەروەرى و یادى شەهیدان و تۆمارکردنى میژووى خەباتیان دا دەڕێژێ و پلانى جێبەجێکردنیان دادەنێت.
    5. بەشێکى تایبەت دەکاتەوە بۆ سەرپەرشتیکردنى کاروبارو پێداویستییەکانى نەوەکانى شەهیدان، کە لەلایەن نەوەکانى شەهیدان خۆیانەوە سەرپەرشتى دەکرێت.

ماددەى58: دەزگاى خزمەتى پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکان

  1. دەزگاى خزمەتى پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکان پێکدێت لە (5 _ 7) ئەندام دەزگا.
    2. پێشکەشکردنى خزمەت و ڕێزلێنانى پێویست و شایستە بە پێشمەرگە و ڕێکخستنى دێرین و زیندانە سیاسییەکان.
    3. بە دواداچوونى داخوازییەکانیان لە مەڕ دابینکردن و جێبەجێکردنى مافەکانیان بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان وڕەچاوکردنى یەکسانى.
    4. داکۆکیکردن لە سەروەرى و بەرهەمى خەبات و تێکۆشانیان.
    5. پێشمەرگەو تێکۆشەرە دێرینەکان، بە حوکمى خەباتیان لە هەر دەزگایەکدا بن، لە کاتى پێشێلکردنى مافە یاساییەکانیان، مافى خۆیانە لە ڕێگەى ئەم دەزگایەوە بەرگرى لە خۆیان بکەن.

ماددەى 59: مەکتەبى پەیوەندییە گشتیەکان

  1. مەکتەبى پەیوەندییە گشتییەکان پێکدێت لە (9) ئەندام مەکتەب.
    2. مەکتەبى پەیوەندییەکان ئەرکى ڕێکخستن و پەرەپێدانى پەیوەندى (ى.ن.ک) لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق و وڵاتانى دەرەوە دەگرێتە ئەستۆ.
    3. لە چەند بەشێک پێکدێت و هەر بەشێک ئەندام مەکتەبێک سەرپەرشتى دەکات.

ماددەى 60: دەزگاى هەڵبژاردن

  1. دەزگاى هەڵبژاردن پێکدێت لە (5-7) ئەندام و، ئامادەکارى و سەرپەرشتى هەڵبژاردنەکان بە هەموو قۆناغەکانیەوە دەکات، کە بریتین لە ئامادە کردنى لیستى دەنگدەران و پاڵێوراوان، ڕاگەیاندنى پرەنسیب و ڕێساکانى هەڵمەتەکانى هەڵبژاردن، ڕێکخستنى پرۆسەى دەنگدان، جیاکردنەوەى دەنگەکان، وردبونەوەى لە تانەو سکاڵاکان و ڕاگەیاندنى ئەنجامەکانى هەڵبژاردن.
    2. دەزگاى هەڵبژاردن، سەرپەرشتى هەموو ئەو هەڵبژاردنانە دەکات، کە لە دەستورى عێراق و یاساکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق و پەرلەمانى کوردستاندا ئاماژەیان بۆ کراوە، لەگەڵ هەموو هەڵبژاردنەکانى ناو خۆى (ى.ن.ک) و ڕێکخراوە دیموکراتییەکان بە هەموو قۆناغەکانیيەوە.
    3. دەزگاى هەڵبژاردن، لە پەیڕەوى کارى خۆیدا ئەو بەش و ئەرکانە دیارى دەکات، کە لە کۆمسیۆنى هەڵبژاردندا لە کۆنگرە پەسەند کراوە.

ماددەى 61:

دەبێت کۆمیتەى سەرکردایەتى لە ڕووى تەکنیکى و داراییەوە هەموو پێداویستیەکانى کارکردنى دەزگاى هەڵبژاردن فەراهەم بکات و، هەموو پێداویستیەکى ڕاهێنان لە دەرەوەو ناوەوەى ووڵات بۆ پێگەیاندنى کادیرەکانى ئەم دەزگایە دابین بکات.

ماددەى 62: مەکتەبى ڕاگەیاندن

  1. مەکتەبى ڕاگەیاندن پێکدێت لە (7) ئەندام.
    2. مەکتەبى ڕاگەیاندن ئەرکى گەیاندنى بیرو بۆچونەکانى یەکێتى و بڵاوکردنەوەى ڕۆشنبیرى و کەلتوورى لێبوردەیى (تسامح) و مافى مرۆڤ و دیموکراسى، بە جۆرێک کە گیانى تەبایى و نیشتیمان سەروەرى و هەستى هاولاتى بوون و سەقامگیر بوون دەکات، لە ڕێى هۆیە خوێندراوو بیستراوو بینراوەکانى ڕاگەیاندنەوە دەگرێتە ئەستۆ.
    3. سەرپەرشتى دەزگا ناوەندییەکانى ڕاگەیاندن دەکات.
    4. ڕەوایى بە جیاوازییەکانى یەکێتى لەگەڵ لایەنەکانى تر لەناو ڕاى گشتیدا دەدات.
    5. ستراتیجى عەدالەتى کۆمەڵایەتى ڕۆشن دەکاتەوە.

ماددەى 63: مەکتەبى چاودێریى و بە دواداچوون

  1. مەکتەبى چاودێرى و بە دواداچوون پێکدێت لە (7) ئەندام مەکتەب.
    2. ئەرکى چاودێرى کردنى ڕەوشى کاروبارى ئۆرگانەکان و بە دواداچونى ئیشوکارەکانیان دەگرێتە ئەستۆ.
    3. لە کەمو کوڕى ئۆرگانەکان دەکۆڵێتەوە و ڕاپۆرت لەوبارەیەوە ئامادە دەکات و بۆ کۆمیتەى سەرکردایەتى بەرز دەکاتەوە.

ماددەى 64: مەکتەبى کۆمەلایەتى

  1. مەکتەبى کۆمەلایەتى پێکدێت لە (5-7) ئەندام و ئەندامێکى کۆمیتەى سەرکردایەتى لێپرسراوى دەبێت.
    2. هەوڵدەدات بۆ چارەسەرکردنى کێشە کۆمەڵایەتیەکان و پتەوکردنى پەیوەندى نێوان توێژە جیا جیاکانى کۆمەڵ بە مەرجى ڕەچاوکردنى چەسپاندنى حوکمى یاساو ڕێگرتن لە هەر سەرپێچییەک لە بنەماکانى یاسا.

ماددەى 65: ئەکادیمیاى هۆشیارى و پێگەیاندنى کادیران

پێکهاتەو ئەرکەکانى ئەکادیمیاى هۆشیارى و پێگەیاندنى کادیران:
1. ئەم ئەکادیمیایە بە پێى پێویست پێکدێت لە چەند کادریرێکى شارەزاو پسپۆڕ.
2. کردنەوەى خول لە بوارى جیا جیادا بۆ کادیرانى (ى.ن.ک) لە ناوەوە و دەرەوەى ووڵات.
3. ڕێکخستنى ئەرشیف و دۆکیومێنتکردنى مێژووى (ى.ن.ک).
4. دەرکردنى گۆڤارێکى فیکرى.
5. بایەخدان بە توێژینەوەو بیرو ڕۆشنبیریى هاوچەرخ و سازکردنى کۆڕو کۆنفرانس.
6. ئامادە کردنى لێکۆڵینەوەى ناو بە ناو دەربارەى رووداوەکانى ناوچەکە، جیهان و ئاڕاستەکانى ڕاى گشتى خۆماڵى کە تایبەتە بە ئەندامانى کۆمیتەى سەرکردایەتى و ئۆرگانەکان.

 

 

 

 

بنەما گواستراوەکان (الاحکام االانتقالیە)

ماددەى 66:

دەربارەى پەیکەرى ڕێکخستنى مەڵبەندەکان، دەسەڵات دەدرێتە مەکتەبى ڕێکخستن و کۆمیتەى سەرکردایەتى بۆ دانانى پەیکەرێکى گونجاو لە ماوەى (6) مانگى داهاتوودا، بە ڕەچاوکردنى شارەکان و قەزاو ناوچە دابڕاوەکان و شوێنە جیا جیاکانى تر.

ماددەى 67:

هەر بڕیارێک، یان بڕگەیەک، لە بڕیارەکانى ئۆرگان و مەکتەب و دەزگاکانى پێشووتر، لەگەل ئەم پەیڕەوەدا گونجاو نەبێت، کارى پێ ناکرێت.

ماددەى 68:

ئەم پڕۆگرام و پەیڕوە ناوخۆیە لەبەر ئەوەى پەسەند کراوى سێیەمین کۆنگرەیە جێبەجێ دەکرێت.

 

وەڵام دانەوە

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*

دەتوانی ئەو تاگ و خەسڵەتانە HTML بەکاربێنیت: <a href="" title=""> <abbr title=""> <acronym title=""> <b> <blockquote cite=""> <cite> <code> <del datetime=""> <em> <i> <q cite=""> <strike> <strong>

Scroll To Top